پێگەی ئیلاف: گرنگیدانی ڕووسیا بە کوردستانی عێراق: هەرێمێکی ئارام لە ناوەندی ناکۆکیەکان

هاوکاری دیپلۆماسیی ڕووسیا لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان - عێراق بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، ئەمەش لە ڕێگەی سەردانی بەرپرسانی پایەبەرزی ڕووسی و کوردەوە ڕوون دەبێتەوە. ئامانجەکانی ئەو سەردانانە جۆراوجۆرن، زۆربەیان پەیوەندیدارن بە وزە و کاروباری سەربازی و ئاسایشەوە. هەردوولا جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەمانە بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیریین لە ناوچەکە و هەرێمەکەدا. مۆسکۆ پشتگیریی "خۆبەڕێوەبەردنی" کوردی لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا دەکات، و پێی وایە ئەم پشتگیریە جێگەی خۆی وەک "ناوبژیوانێک" لە دینامیکیەتی سیاسی ئاڵۆزی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەچەسپێنێت.
دوایەمینی ئەم کۆبوونەوانە لە فۆرۆمی دیپلۆماسیی ئەنتالیا بوو، کە تێیدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگی لاڤرۆف، کۆبوونەوە و پەیوەندیەکانی ڕووسیا لەگەڵ عێراق و هەرێمیان تاوتوێ کرد، بەتایبەتی لە بواری ئابووریدا. هەردوولا بیروڕایان دەربارەی دۆخی گشتی لە عێراق و ناوچەکە و پەرەسەندنە سیاسی و ئاسایشییە هەنووکەییەکان ئاڵوگۆڕ کرد. هەروەها جەختیان لە گرنگیدان و خۆشحاڵییان بە پەیوەندیەکانی نێوان ڕووسیا و هەرێمی کوردستان کردەوە، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر "ئارەزووی دووقۆڵی" بۆ فراوانکردنی هاوکاریی هاوبەش لە بوارە جیاوازەکاندا.
بەپێی دیپلۆماسیەتی کوردستان، ڕووسیا هاوپەیمانێکی ستراتیژیی گرنگە، ئەمەش لەبەر پێگەی جیۆسیاسیی هەرێم و ڕۆڵی لە چوارچێوەی فراوانتری عێراقدا. ڕووسیا لە دەیەی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەردەوام نزیکبوونەوەی لە هەرێمی کوردستان زیاد کردووە، و گرنگیدانی مۆسکۆ بە هەرێم لە ڕێگەی ئەم بابەتانەی خوارەوە دەرکەوتووە:
١. هاوکاری لە بواری وزەدا: کەرتی نەوت و گاز لە سەرووی گرنگیدانەکانی ڕووسیایە لە هەرێمی کوردستان. هەرێم دەوڵەمەندە بە سەرچاوە سروشتیەکان و ڕووسیا لە ڕێگەی کۆمپانیا گەورەکانی لە بواری وزەدا هەوڵی داوە گرێبەستی درێژخایەن لەم کەرتە بەرهەمدارەدا ببەستێت.
کۆمپانیای "ڕۆسنەفت" (یەکێک لە گەورەترین کۆمپانیا نەوتییە ڕووسییەکان کە موڵکی دەوڵەتە) ڕۆڵێکی سەرەکیی لە هەرێمدا گێڕاوە. لە ساڵی ٢٠١٧، "ڕۆسنەفت" ڕێککەوتنێکی بە بڕی ٣.٥ ملیار دۆلار بۆ وەبەرهێنان لە کێڵگە نەوتییەکانی کوردستان واژۆ کرد. کۆمپانیاکە بەشداری لە گەڕان و بەرهەمهێناندا دەکات، و چاوەڕوان دەکرێت لە داهاتوودا دووهێندە بێت. لە ساڵی ٢٠٢٠ـەوە، بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی نەوتی هەرێمی کوردستان نزیکەی ٤٥٠ هەزار بەرمیل بووە، و پشکی "ڕۆسنەفت" بە شێوەیەکی بەرچاو لەم ژمارەیەدا بەشدارە. جگە لەوەش، "ڕۆسنەفت" پێشتر ڕەزامەندیی دەربڕیوە بۆ پەرەپێدانی بۆریی نەوت بۆ گواستنەوەی نەوتی کوردستان بۆ بازاڕەکانی جیهان. ڕۆڵی کۆمپانیاکە تەنها بەهێزکردنی ئامادەیی ئابووریی ڕووسیا لە ناوچەکەدا نییە، بەڵکو کارلێکی جیۆسیاسیشی بەهێز دەکات.
بەپێی خەمڵاندنەکان، وەبەرهێنانی ڕووسیا لە کەرتی وزەی هەرێمی کوردستان لەوانەیە لە دەیەی داهاتوودا بگاتە زیاتر لە ٥ ملیار دۆلار، ئەمەش بە شێوەیەکی بەرچاو بەشداری دەکات لە بەهێزکردنی بەرژەوەندییەکانی نێوان هەردوولا و زیادکردنی کاریگەرییان لە ناوچەکەدا.
٢. پەیوەندییە بازرگانییەکان: بازرگانیی نێوان ڕووسیا و هەرێمی کوردستان گەشەیەکی بەرچاو دەبینێت. بەپێی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی کوردستان، قەبارەی بازرگانیی نێوان ڕووسیا و هەرێم لە ساڵی ٢٠٢٠ـەوە بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بینیوە کە لە ٣٠٠ ملیۆن دۆلار تێپەڕیوە. "گێلاسەکە" کە ئەو پەیوەندیە بازرگانییەی نێوان هەردوولا دەڕازێنێتەوە، هەناردەکردنی ئامێری کشتوکاڵی و کەرەستەی بیناسازی و کەرەستەی کیمیاییە لە ڕووسیاوە. سەرەڕای ئەوەش، کۆمپانیاکانی ڕووسیا کە موڵکی دەوڵەتن گرنگی دەدەن بە وەبەرهێنان لە پڕۆژە جیاجیاکانی ژێرخانی ئابووری لە سەرانسەری ناوچەکەدا.
٣. هاوکاریی ئەمنی و سەربازی: بەشداری سەربازی ڕووسیا لە هەرێمی کوردستان هەروەها پەیوەندی بە ڕەچاوکردنی ئاسایشەوە هەیە. هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بەردەوام هاوپەیمانێکی سەرەکی بوون لە جەنگ دژی ڕێکخراوی "داعش". ڕووسیا هەوڵی داوە یارمەتی سەربازی پێشکەش بکات بۆ بەهێزکردنی تواناکانی ئاسایشی هەرێم، هەروەها حکومەتی ڕووسیا چەندین ڕێککەوتنی واژۆ کردووە بۆ دەستەبەری هەرێم بە کەرەستەی سەربازی، لەوانە چەکی بچووک و چەکی قورس و ئۆتۆمبێلی سەربازی.
هاوکاری مۆسکۆ لەگەڵ هەولێر خزمەت بە ئامانجە فراوانەکەیان دەکات کە بریتیە لە فراوانکردنی کاریگەرییان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەتی دوای شۆڕشی سووریا، پاشان جەنگ دژی "داعش"... و ئەو ململانێیانەی کە دوای ئەوان لە ناوچەکەدا هاتن. ئەو جەنگانە جێگەی ڕووسیایان وەک "هێزێکی کاریگەر" لە ناوچەکەدا چەسپاند، هەروەها ڕۆڵی کوردستانیان بەهێز کرد وەک هەرێمێکی ئارام لە ناوەندی ململانێ گەرمەکاندا و بووە پانتاییەک بۆ دیدار لە نێوان هێزە گەورەکان و ئەوانەی کە لە هەرێمەکەدا کاریگەرن. ئەوەی یارمەتیدەر بووە بۆ بەدەستهێنانی ئەم ڕۆڵە، سیاسەتی دەرەوەیە کە دەسەڵاتەکانی هەرێم پەیڕەوی دەکەن کە لەسەر بنەمای "سفرکردنی قەیرانەکان" لەگەڵ دراوسێکان دامەزراوە... ڕەنگە ئەمە ئەوە بێت کە مۆسکۆی هان داوە بۆ گەڕان بەدوای هاوبەشی نوێی زیاتر لە ناوچەکەدا، کە یارمەتیی دەدات بۆ هاوسەنگکردنی کاریگەری ئەمەریکا لە ناوچەکەدا. سەرەڕای چەک، هەرێم پەیوەندیەکی سەربازیی لۆجیستی لەگەڵ ڕووسیا هەیە کە بریتیە لە ڕاهێنان و یارمەتی تەکنیکی کە مۆسکۆ پێشکەشی هێزە ئەمنیەکانی کوردستانی دەکات، بۆ بەهێزکردنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا... ئەمەش ئەوەیە کە هەولێر وەک گەرەنتیەکی زیاتر دەیبینێت بۆ پاراستنی ڕێگاکانی وزە.
٤. پەیوەندیە مرۆیی و کولتووریەکان: لە چوارچێوەی دیپلۆماسیەتی کولتووریدا، هەر یەک لە ڕووسیا و هەرێمی کوردستان کار دەکەن بۆ بەهێزکردنی پەیوەندیەکانی نێوان هەردوو گەل، ڕووسیا بورسیە دەدات بە خوێندکارانی کورد بۆ خوێندن لە زانکۆکانی، بەتایبەتی لە بوارەکانی وزە و زانست و تەکنەلۆژیادا. هەروەها لە نێوان هەردوو وڵاتدا چالاکی و ئاڵوگۆڕی کولتووری ڕێک دەخرێت بۆ پەرەپێدانی فەرهەنگ و زمانی ڕووسی لە ناوچەکەدا.
کەواتە، داهاتووی پەیوەندیەکانی ڕووسیا - کوردستان بەڵێندەرە، بەتایبەتی لەگەڵ بەردەوامبوونی ڕووسیا لە وەبەرهێنان لە پڕۆژەکانی وزە و قووڵکردنەوەی هاوکاریی سەربازی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان. بۆیە، دەکرێت بڵێین پەیوەندی نێوان هەردوولا بەردەوام دەبێت لە گەشەکردن سەرەڕای ئاستەنگەکان، و لەوانەیە بەهێزتر و کاریگەرتر بێت لە سیاسەتی هەرێمی و نێودەوڵەتیدا.