لە یادی ١٨ شوباتدا: دە با کەسێتیی گەنجان بابەتی سەرەکی بێت

شوبات 17, 2025 - 11:27
شوبات 17, 2025 - 22:21
لە یادی ١٨ شوباتدا: دە با کەسێتیی گەنجان بابەتی سەرەکی بێت

نووسینی: د. سیروان عەبدولکەریم عەلی

 ١٨/٢/٢٠٢٥

لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست زۆرینەی کات گەنجان ڕووبەڕووی ڕەفتاری نادادپەروەرانە دەبنەوە. بۆ نموونە لە زاڵگەکاندا یاخود لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، لەبری ئەوەی وەک هاونیشتمانییەکی ڕێزدار لێیان بنۆڕن، بە چاوی گومانەوە تەماشا دەکرێن. ئەم بێ متمانەیییە، زیان بە متمانەبەخۆبوونی گەنجان دەگەیەنێت و دەبێتە هۆکاری هەستکردن بەوەی لە کۆمەڵگەدا ئەرزشێکی کەمتریان هەیە. ڕاستە گەنجان ئەزموونی ژیانیان کەمترە، بەڵام کەمتر دووچاری هەڵەی گەورە دەبنەوە، لەچاو کەسانی بەتەمەنتریشدا بە ڕێژەیەکی نزمتر تاوان ئەنجام دەدەن و تواناییەکی پتریان بۆ بیناکردنی ئایندە هەیە. لە بری وەلانانیان، دەبێت پشتیان بگرین و هانیان بدەین هەست بە بەها و پێگەی خۆیان بکەن؛ تاکوو ئامادەی بوون بە سەرکردە بن.

 بۆ نموونە، مارک زوگەربێرگ، ئەو گەنجە ئەمەریکییەی کە لە تافی لاوێتیی خۆیدا فەیسبووکی دروستکرد و بوو بە ملیاردێر. ئەم گەنجە ئەوەی نیشانی جیهان دا کە گەنجان دەتوانن دەستکەوتی گەورە و سەرسامکەریان هەبێت. چیرۆکی وی سەلماندی کە وەختایەک متمانە بە لاوان دەکرێت و هەلیان پێ دەدرێت، دەتوانن گۆڕانکاریی گەورە چێ بکەن. دروست هاوشێوەی ئەو و بگرە زیاتریش لەو، زۆرێک لە گەنجانی کوردستان و عێراق ئامادەیی داهێنانیان تێدایە: تەنها بەو مەرجەی ئەگەر باوەڕمان پێیان هەبێت!

هەندێک لەو باوەڕەدان کە گەنجان ئەزموونی پێویستیان نییە هەر لەبەر ئەم هۆکارەیشە بە چاوێکی جددی تەماشا ناکرێن. بەڵام ئەزموون کۆی چیرۆکەکە نییە! ئەزموون دستنیشانکەری پێوەری توانایی یان شیاوێتیی تاک نییە. مێژوو نیشانیداوین کە گەنجانی هاوشێوەی نادیە موراد، مەلالە یوسفزەی و گێرتا تۆنبێرگ توانیویانە گۆڕانکاری لەسەر ئاستی جیهان دروست بکەن، ئەگەرچی تەمەنێکی کەمیشیان هەبووە. داوەریکردن سەبارەت بە گەنجان تەنێ لەبەر کەمیی تەمەنیان، بڕوایەکی کۆنە و ڕێگرە لە پێشڤەچوون.

 هەروەتر، لێکۆڵینەوەکان نیشانیان داوە کە گەنجان لەچاو کەسانی بەتەمەندا، تاوانی کەمتریان ئەنجامداوە. لە کاتێکدا دەشێت گەنجان هەڵەی گەورە ئەنجام بدەن، کەچی لادانە گەورەکانی وەک گەندەڵی یان تاوانەیلی قورس، بە زۆری لەلایەن کەسانی بەتەمەنتر و خاوەن دەسەڵاتەوە ئەنجام دەدرێن! لەگەڵ ئەوەیشدا، هێشتایش گەنجان داوەریی نەرێنییان لەسەر دەکرێت و چاودێری دەکرێن. لە بری ئەوەی بە چاوی گومانەوە لێیان بنۆڕین، دەبێت وەک چارەسەر تەماشایان بکەین. کاتێک بە متمانە و میهرەبانییەوە تێیان دەڕوانین و مامەڵەیان دەکەین، لە هەمبەردا، ڕاستگۆیی و ئەمەکداری دەنوێنن.

 ڕەوتاری نەگونجاو لەگەڵ گەنجاندا، سووڕێک لە تووڕەیی دروست دەکات. ئەگەر هەست بکەن لە پێگەی ڕێزنەگرتندا دادەنرێن، لەوانەیە پەرچەکردار بنوێنن و کەلێنی نێوان نەوەکان زێتر ببێت. ئێمە توانای ئەوەمان هەیە ئەم گرفتە لە ڕێگەی پشتگیری، تێگەییشتن و ڕەخساندنی هەلی ڕاستەقینەی گەشەکردنەوە بۆ گەنجان، چارەسەر بکەین. گەنجان دەبێت لە کارە کۆمەڵایەتییەکان، سەرکردایەتی و کاردا بەشدارییان پێ بکرێت. ئەوان دەبێت لە ناوەندەکانی بڕیارداندا جێ بکرێنەوە، تاکوو هەست بە پێوەستی لەگەڵ کۆمەڵگەدا بکەن و بایەخی خۆیانی تێدا ببینن.

میهرەبانی کلیلی درەوشانەوەی گەنجانە. ئەگەر دەمانەوێت گەنجان ڕاستگۆ، ئەمەکدار و بەرپرسیار بن، دەبێت نیشانیان بدەین کە باوەڕمان پێیانە. ئەم کارەیش بە مامەڵەکردنیان وەک مرۆڤێکی بەهادار دەست پێ دەکات. حوکوومەت و فێرگە و کۆمەڵگە دەبێت بەرنامەگەلێک سەرڕێ بخەن کە ڕاوێژ، فێرکردنی باشتر، دەرفەتگەلێک بۆ فێربوونی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و پتربوونی متمانەبەخۆبوون، لە خۆ بگرێت.

 لە ئەم ڕۆژەدا، ئێمە پیرۆزبایی لە گەنجانی کوردستان دەکەین و بۆنەی یادی یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستانەوە، کە لە ١٨/٢/١٩٥٣ دامەزرا، بەرز ڕادەگرین. ئەم بۆنە مێژووییە دەمانخاتەوە بیری هێز و توانا و سەرکردایەتیی گەنجان. ئەزموونی کەسیی من لەنێوان ساڵانی ١٩٩١-١٩٩٣ ئەوە نیشان دەدات کە ئێمە ڕۆڵێکی کاریگەرمان لە دووبارە پێناسەکردنەوەی شوناسی گەنج لە ناوچەکەدا گێڕاوە، و لە ڕاپەڕینی ١٩٩١ەوە، چەندین ڕێکخراو و یەکێتیمان دامەزراندووە. وەک کادرێکی پێشکەوتوو لە بزووتنەوەی لاوانی ئەو سەردەمە و بەشدارێکی (کۆنگرەی ئازادیی قوتابیان و لاوان ١٩٩٣)، بینەری خۆڕاگری، قوربانیدان و هەوڵە بەردەوامەکانی گەنجان بووم بۆ ئایندەیەکی باشتر.

بزووتنەوەکانی گەنجان لە کوردستان-بەتایبەت یەکێتیی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان- بەردەوام چرایەکی ئومێد بوون کە پێشڕەویی وڵاتیان کردووە لە سەردەمە سەختەکان و کاتی گۆڕانکارییەکاندا. ئیرادەیان بۆ وەستانەوە لە دژی نادادی و بەرگرییان لە دیموکراسی و پاراستنی شوناسی نیشتمانی، کاریگەرییەکی گەورەی لە مێژوودا هەیە. ئێمە دەبێت بەهای هەوڵەکانیان بزانین و ڕێزی لێ بنێین، دەنگیان ببیستین و هەلی زیاتریان بۆ سەرکردایەتی پێ بدەین.

 کۆمەڵگەیەک کە گەنجانی خۆی نادیدە بگرێت و خراپ ڕەفتاریان لەگەڵدا بکات، دەکەوێت. بەڵام ئەو کۆمەڵگەیەی کە پشتگیری لە گەنجانی خۆی بکات و هێزیان پێ ببەبخشێت، ئایندەیەکی ڕوون و سەرکەوتوو بنیات دەنێت. ڕێ و ڕێچارەکە سادەیە: دەبێت گومان و دوودڵی بخەینەلاوە و دەست بە کۆمەکیان بکەین. تەنها لەم هەلومەرجەدایە کە گەنجان دەگۆڕێن بۆ ئەو سەرکردانەی کە توانایان هەیە ببنێ و گەشە بە بەهاگەلێکی وەک ڕاستگۆیی ئەمەکداری دەدەن لە کۆمەڵگەدا.