ئامەدسپۆر بۆ یارییەکی مێژوویی لە باندرمەیە

سێ گەڕ بەر لە کۆتاییهاتنی ئەم وەرزە، یانەی ئامەدسپۆر یارییەکی گرنگ لە خولی پلە یەکی تورکیادا ئەنجامدەدات و لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی باندرمە یاریی دەکات.

نیسان 19, 2026 - 12:05
ئامەدسپۆر بۆ یارییەکی مێژوویی لە باندرمەیە

ئامەدسپۆر بە ورەیەکی بەرزەوە خۆی بۆ ئەم یارییە ئامادەکردووە و دەیەوێت بەبردنەوەی رکابەرییەکە، یەکسانبوونی لە یاریی رابردوویدا بەرامبەر عومرانییە لەبیر هاندەرانی بباتەوە و لە رکابەریکردن بۆ گەیشتن بە سوپەرلیگی وەرزی داهاتوو بەردەوامبێت. کەسک و سوور لە دەرەوەی یاریگەی خۆی یاریی دەکات، بەڵام ئەم وەرزە بە ئاستێکی بەرزەوە دەردەکەوێت و هەر یاریگەیەک بۆی دەچێت رکابەرەکانی بە چاوێکی گەورەکەوە تەماشای یانە کوردستانییەکە دەکەن. لە یارییەکەی ئەمڕۆدا حەسەن عەلی کاڵدرم، بەهۆی پێکانەوە یاریی ناکات، یاریزانەکانی دیکەی ئامەدسپۆر ئامادەن. یانەی ئامەدسپۆر لەم وەرزەی خولی پلە یەکی تورکیا لە پلەی دووەمی ریزبەندی خولەکەیە و خاوەنی 72 خاڵە، بە جیاوازیی دوو خاڵ لە پێش یانەی ئێرۆکسپۆرە. سێ گەڕ ماون یارییەکانی ئەم وەرزەی خولی پلە یەکی تورکیا کۆتایی دێن، ئامەدسپۆر بە دوو بردنەوە و یەکسانبوون بەبێ گەڕانەوە بۆ رکابەرەکانی وەرزی داهاتوو لە سوپەرلیگ یاریی دەکات. یارییەکە بۆ ئێمبای دیانێ، هێرشبەر و گۆڵکاری یانەی ئامەدسپۆر هەلێکە بۆ ئەوەی ریکۆردی تۆمارکردنی زۆرترین گۆڵ لە خولەکەدا لە وەرزێکدا یەکسانبکاتەوە، لەکاتێکدا ئێستا خاوەنی 28 گۆڵە و تەنیا یەک گۆڵی ماوە بۆ ئەوەی ریکۆردی مارکۆ پایخاو، یاریزانی پێشووی یانەی ئاڵتای یەکسان بکاتەوە، کە لە وەرزێکدا 29 گۆڵی بۆ یانەکە تۆمارکردبوو. ئامەدسپۆر جگە لەم یارییە دوو یاریی دیکەی دەمێنێت، بەرامبەر یانەکانی بۆدروم لە یاریگەی خۆی و بەرامبەر یانەی ئیدر لە دەرەوەی یاریگەی خۆی یاریی دەکات.