پۆلیسی ئەڵمانیا: لە هەر کاژێرێکدا 15 ژن رووبەڕووی تووندوتیژیی خێزانی دەبنەوە

بەپێی ئەو ئامارەی ئەمڕۆ هەینی بڵاوکرایەوە، ساڵی 2024 تووندوتیژیی خێزانی لە ئەڵمانیا گەیشتووەتە ئاستێکی بەرز. نووسینگەی پۆلیسی فیدراڵیی ئەڵمانیا دەڵێ، زۆرینەی قوربانییەکان ژن و کچ بوون.

تشرینی یەکەمی 21, 2025 - 18:33
پۆلیسی ئەڵمانیا: لە هەر کاژێرێکدا 15 ژن رووبەڕووی تووندوتیژیی خێزانی دەبنەوە
بەپێی راپۆرتەکەی پۆلیسی فیدراڵیی دژە تاوانی ئەڵمانیا (BKA)، لەکۆی ئەو 265,942 کەسەی پۆلیسی ئەڵمانیا بە فەرمی وەک قوربانی تۆماریکردوون، 70.4٪ـیان ژن و کچ بوون.
 
لە تووندوتیژییە خێزانییەکاندا، 286 کەس کوژراون کە 95ـیان پیاو و 191ـیان ژن بوون.
 
کارین پرین، وەزیری کاروباری خێزان رایگەیاند: "ئەم ئامارە واتای ئەوەیە لە هەر کاژێرێکدا لە ئەڵمانیا 15 ژن رووبەڕووی تووندوتیژیی خێزانی دەبنەوە."
 
بەپێی BKA، پار تۆمەتبارانی تووندوتیژیی خێزانی، 75.6٪ پیاو و 24.4٪ ژن بوون. پرین گوتی، ئامارە فەرمییەکان ئەو دۆخانە لەخۆناگرن کە سکاڵایان لەبارەوە تۆمارنەکراوە.
 
هۆڵگەر موینش، سەرۆکی BKA گوتی، زۆرێک لە قوربانییەکان بەهۆی ترس، هۆگری و شەرمەوە، بڕیارنادەن تووندوتیژییەکان ئاشکرا بکەن.
 
موینش گوتی، ئامارە تۆمارکراوەکان بە تەنیا ئەوە رووندەکەنەوە کە "تووندوتیژی دژی ژنان، تووندوتیژی لەنێو هاوژینەکان و لەنێو خێزانەکاندا کێشەیەکی کۆمەڵایەتیی جیدی و بەرچاوە."
 
کۆی ژمارەی قوربانییانی تووندوتیژیی خێزانی لە ساڵی 2024ـدا 3.8٪ زیادیکردووە بەراورد بە ساڵی پێشتر و درێژە بە رەوتێکی درێژخایەنتر دەدات کە تێیدا تووندوتیژییەکە لە پێنج ساڵی رابردوودا 17.8٪ زیادیکردووە.
 
ئەلێکساندەر دۆبرینت، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا گوتی، ئامارەکان نیشانی دەدەن کە حکومەت بە رادەی پێویست کارناکات بۆ پاراستنی ژنان و کچان لە تووندوتیژی. دۆبرینت لە کاتی پێشکێشکردنی ئامارەکاندا لە بەرلین رایگەیاند: "پێویستە زۆر زیاتر بکرێت."
سەرچاوە:رووداو