چیرۆکی ئەو لاوە کوردەی کە بوو بە ئەستێرەی ئەڵمانیا لە "مۆندیال( جامی جیهانی)کاس العالم"دا
"دێنیز ئونداڤ" یەکێکە لە ناسراوترین یاریزانە کوردەکانی تۆپی پێ لە ئەورووپادا. دەنیز لە ساڵی ١٩٩٦دا لە ئاڵمان لەدایک بووە (تەمەنی ٣٠ ساڵە)، بەڵام ڕەگی بنەماڵەکەی دەگەڕێتەوە بۆ گوندی "ئیشیکلی" لە ناوچەی وێرانشار لە پارێزگای ڕوحا (ئورفە) لە باکووری کوردستان. بنەماڵەکەی کوردی ئێزدین و باپیری بەهۆی فشارە سیاسییەکانی ساڵی ١٩٨٠ لە تورکیەوە کۆچی کردووە بۆ ئاڵمان.
چیرۆکی ژیانی ئونداڤ بۆ زۆرێک لە کوردان، هێمای ئەو نەوەیەیە کە لە نیشتمانی دایکی خۆیدا لە دەرفەتی یەکسان بێبەش کرا، بەڵام لە غەریبی و کۆچبەرێتیدا توانیی بەهرە و تواناکانی خۆی گەشە پێ بدات و بدرەوشێتەوە.
ئونداڤ بەو ڕێگا باوەدا نەڕۆیشت کە ئەستێرەکانی تۆپی پێ پێیدا تێپەڕ دەبن. ئەو لە چەندین ئەکادیمیای جیاوازدا یاریی کرد، لەوانەش یانەی وێردەر برێمەن (Werder Bremen)، بەڵام لە تەمەنی مێردمنداڵیدا لە سیستەمی پیشەگەرانە دوورخرایەوە و تەنانەت ماوەیەک لە دەرەوەی بواری وەرزشیش کاری دەکرد. لەگەڵ ئەوەشدا کۆڵی نەدا و لە خولە نزمەکانی ئاڵمانەەە دووبارە ڕێگەی خۆی بەرەو تۆپی پێی پیشەگەرانە کردەوە. هەوڵ و کۆششە بێوچانەکانی ئەم لاوە کوردە بوونە هۆی ئەوەی لە یانە نەناسراوەکانەوە خۆی بگەیەنێتە ئاستی یەکەمی تۆپی پێی ئەورووپا؛ ڕێڕەوێک کە زۆر کەس بە یەکێک لە ئیلهامبەخشترین چیرۆکەکانی تۆپی پێی ئاڵمانێ دادەنێن.
ئونداڤ لە ساڵی ٢٠٢٤دا بۆ یەکەمجار بانگهێشتی هەڵبژاردەی نیشتمانیی ئاڵمان کرا. سەرەڕای ئەوەی هەلی ئەوەی هەبوو یاری بۆ تورکیەش بکات، بەڵام بەرگی ئاڵمانی هەڵبژارد و چەندین جاریش ئاماژەی بە ڕەچەڵەکە کوردییەکەی خۆی کردووە. بەشداریکردنی لە جامی نەتەوەکانی ئەورووپا (UEFA Euro 2024) و دواتریش بوونی بە یەکێک لە بژاردە سەرەکییەکانی هێڵی هێرشبەری ئاڵمان، پێگەی نێودەوڵەتیی دەنیزی چەسپاند.
لە مۆندیالی ٢٠٢٦دا، ئونداڤ وەک یەکێک لە هێرشبەرە گرنگەکانی ئاڵمان پێی ناوەتە نێو ڕکابەرییەکانەوە و زۆرێک لە میدیا وەرزشییەکان وەک یەکێک لە هیواکانی گۆڵکردنی تیمی ئاڵمان ناوی دەبەن. بۆ بەشێکی گەورە لە کۆمەڵگەی کوردی، سەرکەوتنی ئەو تەنیا سەرکەوتنێکی وەرزشی نییە؛ بەڵکوو هێمایەکە بۆ توانای گەلێک کە سەرەڕای چەندین دەیە چەوساندنەوە و نکۆڵیکردن لە ناسنامەکەی، هێشتا لە گۆڕەپانە جیهانییەکاندا دەدرەوشێتەوە. ئونداڤ ئەمڕۆ نەک تەنیا هێرشبەرێکی سەرکەوتووە، بەڵکوو یەکێکە لە ناسراوترین ڕووخسار و کەسایەتییە کوردەکان لە وەرزشی جیهاندا.