سەرۆک نێچیرڤان بارزانی وای گوت

شەنگە ئەحمەد سالار
ئەمڕۆ، گەلی کورد لە سەردەمێکی هەستیار و پڕ هیوادا دەژی. بەشداریی بەردەوامی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکان و دیدارە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ڕابەرانی جیهان، بەڵگەیەکی ڕوونە لەسەر ئەوەی کە کورد چیتر لایەنێکی پەراوێزخراو نییە لە گۆڕەپانی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا.
کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن یەکێکە لە گرنگترین کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکان کە تایبەتە بە پرسەکانی ئاسایش و سیاسەتی نێودەوڵەتی، و بەشداریی سەرۆکی هەرێم تێیدا دەرفەتێکی گرنگە بۆ گەیاندنی دەنگی هەرێمی کوردستان بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
دەربارەی بەشداریكردنی، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە كۆنفرانسی ئاسایشی ميونشن ڕایانگەیاند: ئەمە دەرفەتێكی گرنگە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پرسە ئەمنییەكانی ناوچەكە و جیهان، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی جەختی لەسەر چەند پرسێکی هەستیار کردووە کە پەیوەندییان بە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکەوە هەیە. گفتوگۆکان تیشکیان خستۆتە سەر گرنگی پتەوکردنی هاوکاریی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتانی هاوپەیمان.
دەنگی کورد لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکاندا دەبیسترێت و ڕێزی لێ دەگیرێت، ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە بەرەو داهاتوویەکی گەشتر بۆ گەلەکەمان. ئەم قۆناغە نوێیە لە دیپلۆماسیەتی کوردی، دەروازەیەک نوێ دەکاتەوە بۆ دەرفەتی زیاتر و پێگەیەکی بەهێزتر لە ناوچەکە و جیهاندا.
سەرۆك نێچیرڤان بارزانی، لە پرێس کۆنفرانسێکدا سەبارەت بە دۆخی سووریا ڕایگەیاند كە پشتیوانیی لە دەسەڵاتی نوێی ئەو وڵاتە دەكەن و هیوای سەقامگیری بۆ گەلی سووریا دەخوازن. هەروەها جەختی لەسەر گرنگیی بەشداریكردنی هەموو پێكهاتەكان لە پرۆسەی سیاسی كرد و ئامۆژگاری برا كوردەكانی كرد كە بە یەكگرتوویی بچنە دیمەشق و خۆیان بە خاوەنی سووریای نوێ بزانن. بەڕێزیان ئاماژەی بەوەشكرد كە هەرێمی كوردستان ئامادەیە ڕۆڵی خۆی بۆ سەقامگیریی زیاتر لە سووریا بگێڕێت.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەبارەی ئیدارەی نوێی ئەمەریكاوە ڕایگەیاند كە هیچ ترسێكیان نییە و ئەمەریكا بە هاوپەیمانی خۆیان دەزانن. بەڕێزیان جەختی كردەوە كە سەرۆكی ئەمەریكا دەیەوێت فاكتەرێك بێت بۆ ئاشتی و سەقامگیری و كۆتاییهێنان بە جەنگەكانی ناوچەكە، داوایشی كرد هەموو لایەك پێشوازی لە دەستپێشخەرییەكانی سەرۆكی ئەمەریكا بكەن.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە لێدوانەکەیدا ئاماژەی بە خاڵێکی دیکەی گرنگ كرد، ڕایگەیاند كە توركیا بە جددی هەوڵی پرۆسەی ئاشتی دەدات و چاوەڕوانی بانگەوازێكی گرنگن لە عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە تا كۆتایی ئەم مانگە. هەروەها جەختی كردەوە كە داعش هێشتا مەترسییە بۆ ناوچەكە و پێویستە هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق بمێننەوە. سەبارەت بە پەیوەندیی هەولێر-بەغدا، بەڕێزیان ئاماژەی بەوە كرد كە پەیوەندییەكان باشتر بوون و هەردوولا وەك یەك تیم كار دەكەن بۆ خزمەتی عێراق.
بۆیە دەتوانین بڵێین ئەم سەردانە زێڕینە کاریگەریی ئەرێنیی لەسەر داهاتووی پەیوەندییەکانی هەرێم لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و جیهاندا دەبێت.