ئەو دەتوانێت..چیرۆکی سەرکەوتنی ھەموو قۆناغێک
تەنیا کوردی
لەم پەرتووکەدا سەردەمی شێواو (The Age of Turbulence)، کە نووسەرەکەی ئاڵان گرینسپانە، پەیامێکی قووڵی بۆ سەرکردەکان ھەیە، چیتر سەرکەوتن لە شەڕکردنی ڕاستەوخۆدا نابێتە دەسکەوت و خۆشبەختی بۆ گەلان ناھێنێت، بەڵکوو سەرکەوتن لە توانای ڕاگرتنی ھاوسەنگیی لەدایکدەبێ کاتێ لە نێوان بەرژەوەندییە دژبەرەکاندا ئەم ھاوسەنگییە رێگەی خۆی دەکاتەوە..
کاتێک ورددەبینەوە لە ئەزموونی سیاسیی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، ئەم تێزەی گرینسپان روونتر تێدەگەین کە نێچیرڤان بارزانی وەک ئەندازیارێکی لێھاتوو، لە نێو ئەم ھەموو گێژاو و تەقینەوە سیاسییەی ناوچەکە، لەم ھەموو پێشھات و تەسفیە حسابەی ھەرێمی و جیھانی، بە وردی ھاوسەنگیی ھێز ڕادەگرێت و سەقامگیری قەوارەی ھەرێمی کوردستان دەپارێزێت.
گرینسپان ئامانجیەتی لە پەرتوکەکەی نھێنییەک بداتە دەست کە دەنووسێت"سەرکردە ناتوانێت زریان بوەستێنێت، بەڵکوو تەنیا دەتوانێت ئاراستەی کەشتییەکە بگۆڕێت" لەم چوارچێوەیەدا، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی سەلماندی کە خاوەنی ئەم ھونەرە باڵایەیە…
-کاتێک دۆخی ھەرێم ئاڵۆز دەبێت..
-قەیرانەکان نوێ دەبوونەوە و فشاری ھەرێمی دەھات..
ئەو بە دروشم نا، بەڵکو بە دووربینیی خۆی، کەشتییەکەی ھەرێمی کوردستانی لە زریانەکان تێپەڕاند و، ئومێدی زیندووکردەوە و ڕێگەی نەدا قەوارەکە تووشی کەوتن ببێت، لێرەوە روونە کە ئەم ھونەرە چیرۆکی سەرکەوتنی ھەموو سەردەمێک و قۆناغێکە..
ئەمڕۆ لە جیھانێکدا کە سۆشیاڵ میدیا و لێدوانە توندەکان بوونەتە ئامرازی شێواندن، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی ستراتیژییەکی پێچەوانەی پەیڕەو کردووە دیپلۆماسییەتی بێدەنگ ئەو دیپلۆماسیەتەی کە وەک چەکێکی ستراتیژی کار دەکات و کاریگەری بەھێزی ھەیە، ئەمە بووەتە کلیلی چارەسەر و ھیوای نوێی بۆ ھەرێم دروستکردووەتەوە..
کاتێک متمانە لە نێوان ھەولێر و بەغدا یان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا لاواز دەبوو، ئەو دوور لە شەڕی ڕاگەیاندن، ڕاستەوخۆ دیپلۆماسییەتی چارەسەری و لێکتێگەییشتن و ھەنگاوی ئاشتیخوازانەی ھەڵبژارد، لە ژوورە داخراوەکاندا، بە شەرعیەتی دەستووری و بەرژەوەندیی ھاوبەش، شکستی بەم پیلانانە ھێنا کە ئامانجیان گۆشەگیرکردنی ھەرێم بوو. چونکە لە ناخەوە بۆ سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، ئاشتی تەنیا واژۆی سەر کاغەزێک نییە، بەڵکوو مسۆگەرکردنی سەقامگیری و ژیانێکی شایستەیە بۆ ھاووڵاتیان..بۆ قەوارەکە، بۆ داھاتوو، بۆ گەلێکی ئاشتیخواز..
ئەو ھەنگاوانەی بۆ پاراستنی قەوارەی ھەرێمی کوردستان ناویەتی، سەلمێنەری ئەوەن کە سەرۆک نەک تەنیا سەرۆکی قۆناغە سەختەکانە، بەڵکوو ئەندازیاری ئەو داھاتووەیە کە ھەمووان کۆکن لەسەر ئەوەی کە پێگەی ھەرێم لە دەستێکی ئەمیندایە و ھەمووان ھیوای لەسەر دەچنن کە ئەو دەتوانێ پێگەی ھەرێم کاریگەرتر و درەوشاوەتر بکات.