ئەو برینانەی کە نەدەبا لە یادگەدا کاڵببنەوە !!
محمد خۆشناو
کورد یادگەکەی یان زاکیرەی لاوازە ، وەکو یادگەی ماسیە و هەرچی بێتە پێشی هەڵیدەلوشێت و ئەوەی دوێنێی کە بەسەریهات لەیاد دەکات ، عەقلی نوخبەی کوردیش بەهەمان شێوە خاوەن ئەو هۆشیارە بەرزە نیە کە بتوانێت کارەسات و مەرگەساتەکان بکاتە هێما بۆ خزمەتی نەتەوەکەی و عەقلێکە لە پێکهاتەکەیدا بەدەست چەندین قەیرانی دەناڵێنێت لە پێکهاتەکەی ، لە توانای لەسەر کەڵکەکردنی سەرمایەی شارەزایی و ئەزموونی وڵاتان و گەلانی پێشکەوتوو ، لە سیستەم و دەسەڵاتی سیاسی و و ئیدارە و ، لە عیلم و زانست و پەروەردەی ، وا دواکەوتووە کە نەیتوانیوە وا لەو برینە قوڵانەی نەتەوەکەی بکات کە هەرگیز لەبیر نەکرێن !! زنجیرەیەک برینی بێپچڕان کە خۆی لە کوشتارگە لەسەر کوشتارگە دەبینێتەوە ، کە یەک فەلسەفە دەگێڕێتەوە ، فەلسەفەیەک کە ناگۆڕێت ، ئەویش ئەو فەلسەفەیەی کە مەدەنی و بێتاوان و کچ و مناڵ و پیر ، لە کیمیاباران و ئەنفال و شونبزرکردن کە هەموویان هێمای ئاییندە بوون خرانە نێو پڕۆژەی ئاگر و زیندە بەچاڵکردن و بۆمبابارانکردن بەمەبەستی قڕکردنی نەتەوەیەک ، کەچی تا ئێستاش گوێمان لە یەک وشەی داوای لێبوردن یان پەشیمان بوونەوە نەبووە لە عەرەبی عێراق ، ئا ئەمەیە ئازارە گەورەکە ! ئەو فەلسەفەیە ڕەنگدانەوەی دیدگای ئەو ستراتیژیەیە کە وایدەبینێت کە ( هێزی سەربازی ) و بێبەشکردن پاساوە بۆ هەموو شتێک ، ئەو فەلسەفەیەی کە مرۆڤایەتی لە ماناکەی بەتاڵ کردۆتەوە ، کاتێک کورد ئەنفال کرا ئەوکات حزبی بەعس گەیشتبووە چرکەساتی باڵا بۆ گەشەکردنی بیری ڕەگەسپەرستیی ، کە کورد بەهۆی جیاوازیان لەگەڵ زۆرینەی عەرەب لە عێراق دووچاری ڕەگەزپەرستی کە شایەتحاڵیی ئاشکراترین دەرکەوتەی لە ئەنفال و کیمیاباران بووەوە ، لەوانەیە بپرسرێت ، لەبەرچی جوولەکە توانی هۆلۆکۆست بکاتە شوناسی غەدر و مەزڵومیەت و چەوسانەوەی ئاینەکەیان کە بۆتە نەتەوەکەیان ؟ و کورد نەیتوانی باس لە کۆمەڵکوژیەک بکات کە گەیشتبووە پاکتاوی ڕەگەزی و بێئەوەی جیهان بیزانێت ؟! بەڵام لەبەرچی ڕووداوەکانی هۆلۆکۆست کە لە چلەکانی سەدەی ڕابردوو ڕوویاندا ، سەرنجی جیهانی ڕانەکێشا و کەس باسی نەکرد تا ئەوکاتەی هێزەکانی سۆڤیەت چونە ناو ئەڵمانیا و گۆڕی بەکۆمەڵیان لە هەندێک سەربازگەی گرتووخانەکان دۆزیەوە ، ڕادیۆ هەبوو و لە فەڕەنساش تازە تەلەفزیۆن دانرا بوو بەڵام هیچ شتێکی نەدەگواستەوە و ، چونکە کەس قسەی نەدەکرد یان کەس زاتی نەدەکرد لە لایەن قوربانیەکان و ناسیا و هاوڕێیانیان دەنگی بەرزبکاتەوە ، کەچی ناوە ناوە گۆڕی بە کۆمەڵی کوردان لەنێو نوێترین ئامرازەکانی ڕاگەیاندن لە ساراکانی عێراق دەردەهێنرێت ، نە عەرەب و نە جیهان نوقەیان لێوە نایەت و کوردیش لە ئاست ئەو ڕووداوە کەمتەرخەمە و ، ئێستا عەرەبی عێراق بە شیعە و سوننە و شوعی و لێبڕالیەوە ، هەر بە لووتبەرزی ڕەگەزپەرستی و پۆپۆلیستیی بەردەوامن بەرانبەر کورد کە لەگەڵیدا ڕاگەیاندن و سۆشیالمیدیا لە هەڵگیرسانی ناکۆکی و ڕقوکینە ڕۆل دەگێڕن و ، بەهەمان نەفەسی کەڵەگایی ئایدۆلۆژی ( التنمر الأيدولوجي ) بەعس لە دەرکەوتەیەکی قسە و لێدوانی ساختە و درۆزنانەن بەرانبەر کورد و مەرگەساتەکانی مامڵە دەکەن ، ڕەگەزپەرستیی نەخۆشیە و بەپێی جیاوازی هەموو نەتەوە و کۆمەڵگاکان لەکەی دەروونی ڕەگەزپەرستی و هەستکردن بەخۆباڵادەستی بەسەر ئەوانی تردا پێوەنووساوە ، لەوانەیە دیسان بپرسین کە لەبەرچی جووەکان بە پارەیەکی کەم توانیان لەڕێگەی فیلمی دیکۆمێنتاری کە هونەرێکی مەزنە هۆلۆکۆست بە جیهان بناسێنن ؟ بەڵام دەستبژێری کورد تا ئێستاشی لەگەڵ دابێت نەیتوانی ئەو مەرگەساتە گەورانە وەک پێویست دیکۆمێنت بکات و بە جیهان بناسێنێت ؟ پێم وایە کە ئەمە پەیوەندی بە قەیرانی ستراکتۆری عەقل و پەیوەستە بە ئاستی هوشیاری نوخبەی کورد و ، کە لە هەموو مەترسیدارتر ئەو سەرلێشێواویە هۆشیاریەیە کە دەیان ساڵە گیرۆدەی بووە ، کە دەگاتە قۆناغێکی نەگەڕاوە کە نەتوانێت جیاکاری بکات لەنێوان ئەوەی لەگەڵتدایە و ئەوەی کار دژت دەکات ، وەک ئەوەی لە یادەوەری سڕابێتەوە یان بەخواستی خۆی پشتگوێیخستبێت ، ناساندنی ئەنفال بە جیهان پەیوەست نیە بە نەبوونی پاڵپشتی ماددیش ، من شاهێدی ئەوە دەدەم کە نێچیرڤان بارزانی کە ئەوکات سەرۆکی حکومەت بوو و لەگەڵی دابووم و ، زۆربەی سینەماکارانی کوردی بانگ کرد و داوایلێکرد کە فیلم لەسەر مەرگەساتەکانی کورد بەتایبەتی ئەنفال دەربهێن و ، هەرچی ئیمکانیاتی ماددی پێویست هەیە خستیە بەردمیان ، هەر بەوەش نەوەستا کۆپتەر و زرێپۆش و سەرباز و زیلی سەربازی لە هاوپەیمانان بۆ دابینکردن و ، لەڕێگەی پەیوەندی خۆشیەوە یەکێک لە فیلمەکان بەشداری ڤیستیڤاڵی « کان » کرا ، بەڵام فیلمەکە نەیتوانی بەربەستەکان ببڕێت و بەشداربێت لە کێبڕکێی فیلمەکان ، بەڕای من ئەمە پەیوەندی بە داهێنانەوە هەیە کە تائێستا نوخبەی کورد نەگەیشتۆتە ئەو ئاستە ، بەداخەوە جگە لە خودی گەلی کورد ، هیچ لایەنێکی تر باسی ئەنفال و ئەوەی بەسەرمان هات ناکات ، ساڵانە یادی ئەو مەرگەساتانە بە ووتار و بەیاننامەی دووبارە نەک پرسێکی گەورەی نیشتیمانیی لەنێو کۆمەڵگەیەکی دابەش و هەڵوەشاوە و پڕ قەیران و دژبەیەک کە عەقلی سیاسی و پێکهاتەکەی ئاشکرا کردووە دەکەنەوە ، بێئەوەی کەس بەشداری ئەو خەمە گەورەیە لەجیهانکی داڕماو و پووچیەکی تووندا دەژین بکات ، کە تێیدا وەک هۆلۆکۆست گەورەترین تاوان و مەرگەسات بەرانبەر کورد کرا .