تسنیم: سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە تاران قسە دەکات

محمد فائق
سەرۆکی هەرێمی کوردستان گەییشتە تاران، ئەمە سەرخەتی هەواڵی بەشێکی زۆری میدیا ئێرانییەکان بوو. سەردانەکە بە مەبەستی بەشداریکردنە لە "چوارەمین خولی کۆنفرانسی گفتوگۆی تاران"دا کە لەلایەن "ناوەندی لێکۆڵینەوەی سیاسی و نێودەوڵەتی"ـی سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ئێرانەوە، ڕێکخراوە و بڕیارە لە ١٨ و ١٩ی ٥ی ٢٠٢٥ دا بەڕێوەبچێت. چاوەڕوان دەکرێت دیدارەکە لە دەرگەی زۆر پرسی گرنگی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی بدات و دەلاقەی نوێیش بەسەر زۆر بابەتی دیکەدا بکاتەوە، چونکە لە تەوقیتێکی فرە هەستیاردا بۆ ئێران و ناوچەکەیش ساز دەکرێت؛ بەتایبەت دوای ئەوەی ترەمپ هەم هەڕەشە و هەمیش پێشنیازی گفتوگۆی کرد، ئێرانییەکانیش بە هەمان دوو تاکتیکەکەی ترەمپ هاتنەپێشەوە. دەکرێت پرسی ئاشتی، پێکەوەژیان، ئابووری و هەماهەنگیی هەمەلایەنە تەوەری گفتوگۆکانی دیدارەکە بن.
دەکرێت بڵێین بەشداریکردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دیدارەکەدا، لە سێ ئاستدا گرنگییەکی بەرچاوی هەیە:
١- تۆخکردنەوە و بەرجەستەکردنەوەی پێوەندی و کاراکتەری دیپلۆماسیی نێچیرڤان بارزانییە لە ئاستە نێودەوڵەتی و هەرێمایەتییەکەیدا. ئاشکرایە سەرۆکی هەرێم چ لە پێگەکەیدا و چ وەک کاراکتەر، خاوەنی پێگەیەکی بەهێز و لەبەرچاوگیراوی دیپلۆماسییە و لە بەشێکی دیاری ئەو دیدار و کۆنفرانس و کۆبوونەوانەدا کە بەشدارییان تێدا دەکات؛ هەمیشە بۆچوونەکانی بەهەند وەردەگیرێن و ڕوانینەکانی دەبنە جێگەی سەرجی ئەو کەس و لایەنانەی بایەخ بە ئاشتی و پێکەوەژیان و لێکتێگەییشتنی سیاسی دەدەن. ئەمەیش وێنەیەکی جوان وپێگەیەکی بەهێزی لە ئاستی جیهان و ناوچەکەدا بە هەرێمی کوردستان بەخشیوە.
٢- بەپێی میدیای ئێرانی، بەتایبەتیش ئاژانسی تسنیم، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی ئەمڕۆ ١٨/٥/٢٠٢٥، لە گرنگترین پلاتفۆرمی دیپلۆماسی و سەکۆی گفتوگۆی نێودەوڵەتیی ئێران، قسەی دەبێت و ئاماژە بە دیدگای هەرێمی کوردستانی دەکات بۆ داهاتووی ناوچەکە و فۆکەس خستنەسەر کاری پێکەوەیی و هاوبەش لەسەر بنەمای رێزگرتن و بەرژەوەندیی هەردوولا. گرنگیی ئەم گوتەیەش لەوەدایە کە پتر لە ٢٠٠ کەسایەتی سیاسی و ئەکادیمی و ڕۆشنبیر و نوێنەری جیهانی بەشدارییان لە دیدارەکەدا کردووە.
٣- میدیاکانی ئێران باس لەوە دەکەن کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ چەندین بەرپرسی گەورەی ئێرانی، لەناویشیاندا سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران دیداری دەبێت و کۆمەڵێک پرسی گرنگ پێکەوە تاوتوێ دەکەن. ئەمەیش دیسانەوە دەچێتە خانەی ئەو پردە پێوەندییە بەهێزەی لە چەند ساڵی سەرۆکایەتی کردنیدا، نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ئێراندا دروستی کردووە؛ بەتایبەت ئەو ڕستە سەردانەی لە ماوەی ڕابردوودا بۆ ئێران ئەنجامیدا و دواتریش، مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد.
دیدگەی سەرۆکی هەرێم بۆ سیاسەت لە کۆمەڵێک پنتی وەک: پێکەوەژیان، ڕێزگرتن لە بەرژەوەندی و سەروەرییەکانی یەکتر، تۆخکردنەوەی دیالۆگ و کاڵکردنەوەی زبرییەکان و هتد چڕ دەبێتەوە. چاوەڕوان دەکرێت لەم گەشتەیشدا هەمان ئەو بنەمایانە لە دیدارەکانیدا ڕەنگبدەنەوە و ڕۆژانی دواتریش دەرخەری ئەوە دەبن بەرئەنجامەکانی دیدارەکە چۆن دەکەونەوە...