بۆ جێبەجێکردنی 'مافی هیوا'؛ یاداشتێک ئاڕاستەی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا کرا

چەند ڕێکخراوێکی یاسایی و مافی مرۆڤ لەگەڵ 10 سەندیکای پارێزەرانی باکوری کوردستان (لەوانەش سەندیکاکانی ئامەد، وان، مێردین و جۆلەمێرگ)، پێش کۆبوونەوەی چاوەڕوانکراوی ڕۆژانی 9، 10 و 11ـی حوزەیران، یادداشتێکی هاوبەشیان لەبارەی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا (DMME) پێشکەش کرد.

حوزەیری 5, 2026 - 16:47
بۆ جێبەجێکردنی 'مافی هیوا'؛ یاداشتێک ئاڕاستەی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا کرا

ئەو ڕێکخراو و سەندیکایانە بە فەرمی داوا دەکەن پرۆسەی چاودێریکردنی سەر حکومەتی تورکیا چالاکتر و توندتر بکرێت، بەمەبەستی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا.

داواکاریی سەرەکیی یادداشتەکە بریتییە لە دابینکردنی "مافی هیوا" بۆ عەبدوڵڵا ئۆجالان، و سەرجەم ئەو زیندانییانەی کە سزای زیندانیی هەتاهەتایی قورسیان بەسەردا سەپێنراوە.

لە یاداشتەکەدا هاتووە کە ئەنقەرە پابەندی بڕیارەکانی پێشووی کۆمیتەکە نەبووە بۆ پێشکەشکردنی خشتەیەکی کاتیی ڕوون بەمەبەستی چاکسازیی یاسایی.

ئاماژە بەوەش کراوە کە تورکیا داکۆکی لە سیستەمێک دەکات کە بە شێوەیەکی جیاکاری و بەستراو بە جۆری تاوانەوە، ڕێگرە لە ئازادکردنی مەرجداری بەشێک لە زیندانیان.

یاسادانەران و چالاکوانان داوا دەکەن دۆسیەکە بخرێتە بەرنامەی کۆبوونەوە ئاساییەکانی مافی مرۆڤی کۆمیتەکەوە و نامەی فەرمی لەلایەن سکرتێری گشتیی دادگاکەوە بۆ بەرپرسانی تورکیا بنێردرێت.

هەروەها داوایان کردووە ئاماری فەرمی لەسەر سزادراوانی هەتاهەتایی لە تورکیا کۆبکرێتەوە و دۆسیەی "مافی هیوا"ش ڕەوانەی کۆمیسیۆنی ڤینیسیا بکرێت، بۆ ئەوەی یاساکانی سزادانی تورکیا لەگەڵ ستانداردەکانی مافی مرۆڤدا بگونجێندرێن.