یونیسکۆ "پایتەختی پۆرسەلین"ـی چین دەخاتە لیستی شوێنەوارە جیهانییەکانەوە

رێکخراوی یونیسکۆ بە فەرمی پێگە پیشەسازییەکانی بەرهەمهێنانی پۆرسەلین لە شاری "جینگدیژێن"ی چینی خستە لیستی شوێنەوارە مێژووییە جیهانییەکانەوە؛ بەمەش ژمارەی شوێنەوارە جیهانییەکانی ئەو وڵاتە گەیشتە 61 پێگە.

تەمووزی 26, 2026 - 16:41
یونیسکۆ "پایتەختی پۆرسەلین"ـی چین دەخاتە لیستی شوێنەوارە جیهانییەکانەوە

لە میانی 48یەمین کۆبوونەوەی لیژنەی شوێنەواری جیهانی کە لە شاری بوسانی کۆریای باشوور بەڕێوەچوو، رێکخراوی یونیسکۆ پێگە پیشەسازییەکانی پۆرسەلینی شاری جینگدیژێنی وەک شوێنەوارێکی جیهانی ناساند. ئەمە یەکەمجارە چین پێگەیەکی پیشەسازیی بۆ لیستی یونیسکۆ کاندید بکات و هاوکات یەکەمین شوێنەواری جیهانیشە لەسەر ئاستی جیهان کە تایبەت بێت بە هونەر و پیشەسازی پۆرسەلین.

ئەم پێگانە کە دەکەونە پارێزگای "جیانگسی" لە رۆژهەڵاتی چین، نوێنەرایەتی سیستمێکی پیشەسازی دەستیی پێشکەوتوو دەکەن کە لە سەدەی 10 تاوەکو سەدەی 19ی زایینی گەشەی سەندووە. شاری جینگدیژێن کە بە "پایتەختی پۆرسەلین" ناسراوە، مێژوویەکی درێژی لە کارکردن لەسەر قوڕ و ئاگر هەیە کە بۆ زیاتر لە 2000 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.

لیژنەی شوێنەواری جیهانی ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم پێگەیە گوزارشت لە داهێنانە تەکنەلۆژییەکان و هونەرییەکان دەکات لە پیشەسازی پۆرسەلینی چینیدا، کە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر پەرەپێدانی ئەم پیشەسازییە لە هەموو جیهان و گۆڕینەوەی کولتووریی نێوان شارستانییەکان هەبووە. بەگوێرەی ئامارە مێژووییەکان، تەنیا لە ماوەی سێ سەدەدا، نزیکەی 300 ملیۆن پارچە پۆرسەلینی ئەم شارە رەوانەی ئەوروپا کراوە.

ئێستا لە شاری جینگدیژێن، زنجیرەی پیشەسازی سیرامیک و پۆرسەلین زیاتر لە 100 هەزار کارمەندی هەیە و شارەکە بووەتە ناوەندێکی جیهانی بۆ هونەرمەندان و گەشتیاران. چێن کێلۆنگ، بەرپرسی باڵای شارەکە رایگەیاند: "تۆمارکردنی ئەم پێگەیە لە لیستی یونیسکۆ وەک سەرەتایەکی نوێ وایە بۆ ئێمە تاوەکو بەردەوام بین لە پاراستنی ئەم کولتوورە و پەرەپێدانی داهێنانەکان لە پیشەسازی پۆرسەلیندا."

شاری جینگدیژێن دەکەوێتە ناوچەیەکی شاخاوی لە باکووری رۆژهەڵاتی پارێزگای جیانگسی، ئەم ناوچەیە دەوڵەمەندە بە قوڕی "کاوۆلین" کە کەرەستەی بنەڕەتییە بۆ دروستکردنی پۆرسەلینی چینی. هەروەها هەڵکەوتەی شارەکە لە کەنار رووباری "چانگجیانگ" کە دەچێتەوە سەر رووباری "یانگتسی" (درێژترین رووباری چین)، یارمەتیدەرێکی گەورە بووە بۆ ئەوەی لە رێگەی ئاوییەوە بەرهەمەکانی ئەم شارە بگەنە هەموو جیهان.

زیاتر لە 700 ساڵ لەمەوبەر، پیشەوەرانی ئەم شارە توانییان تەکنیکێکی نوێ پەرەپێبدەن کە تێیدا قوڕی کاوۆلین لەگەڵ کەرەستەی دیکە تێکەڵ دەکرا، ئەمەش وای دەکرد پۆرسەلینەکە بەرگەی گەرمای زیاتر لە 1300 پلەی سەدی بگرێت بەبێ ئەوەی شێوەکەی تێکبچێت. ئەوان ئەم نهێنییەیان بۆ خۆیان نەپاراست، بەڵکو تەکنیکەکەیان لە جیهاندا بڵاوکردەوە، ئەمەش وایکرد پۆرسەلینی جینگدیژێن بۆ ماوەی زیاتر لە 1000 ساڵ بگاتە بازاڕەکانی ئاسیا، ئەفریقا، ئەوروپا و ئەمریکا.

یەکەمین شاری پیشەسازی لە جیهان:
جۆزێف نیدهام، زانای ناسراوی بەریتانی، شاری جینگدیژێنی بە "یەکەمین شاری پیشەسازی جیهان" ناوبردووە. لێکۆڵینەوە شوێنەوارییەکان دەریانخستووە کە نەخشەی شارەکە بە جۆرێک داڕێژرابوو کە کارگەکانی بەرهەمهێنان و بازاڕەکان و شوێنی نیشتەجێبوونی کرێکاران بە یەکەوە بەسترابوونەوە. لە ناوەڕاستی سەدەی 15 و 16ی زایینیدا، ژمارەی دانیشتووانی ئەم شارە 100 هەزار کەسی تێپەڕاندووە، کە لەو سەردەمەدا زۆر زیاتر بووە لە ژمارەی دانیشتووانی گەورەترین شارەکانی ئەوروپا.

کاریگەرییە کولتوورییەکان:
پۆرسەلینی ئەم شارە تەنیا کاڵایەکی بازرگانی نەبووە، بەڵکو کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر هونەری شێوەکاری، مۆبیلیات، تەلارسازی و هونەرەکانی دیکۆر لە ئەوروپا هەبووە. ئێستاش شارەکە وەک ناوەندێکی زیندووی جیهانی ماوەتەوە و زیاتر لە 3200 کەس وەک میراتگری فەرمیی ئەم کولتوورە و پیشەسازییە ناسراون و کار دەکەن.

سەرچاوە: کوردستان24