ترەمپ ئاگربەستی دەستبەجێ رەتدەکاتەوە و کار بۆ رێککەوتنی ئاشتی دەکات

سەرۆکی ئەمریکا ئاگربەستی دەستبەجێ لەنێوان رووسیا و ئۆکراینا رەت دەکاتەوە و دەڵێ، رێککەوتنی ئاشتی کۆتایی بە جەنگەکە دەهێنێت.

ئاب 16, 2025 - 18:05
ترەمپ ئاگربەستی دەستبەجێ رەتدەکاتەوە و کار بۆ رێککەوتنی ئاشتی دەکات

رۆژی شەممە، 16ـی ئابی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیەڵ نووسی: "رۆژێکی گەورە و زۆر سەرکەوتوو لە ئەلاسکا."

 سەرۆکەکانی ئەمریکا و رووسیا لە کۆبوونەوەکەیاندا لە ئەلاسکا ئاماژەیان بە بوارەکانی رێککەوتن کرد، بەڵام هیچ پێشکەوتنێکیان لەبارەی ئاگربەست رانەگەیاند.

 ترەمپ لەبارەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ پووتین گوتی: "کۆبوونەوەکە لەگەڵ سەرۆک ڤلادیمیر پووتینی رووسیا، پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی درەنگی شەو لەگەڵ سەرۆک زیلینسکی ئۆکراینا و چەندین سەرکردەی ئەورووپی، بە سکرتێری گشتیی زۆر بەڕێزی ناتۆشەوە، زۆر بە باشی بەڕێوەچوو."

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، لەلایەن هەمووانەوە بڕیاردراوە کە باشترین رێگە بۆ کۆتاییهێنان بە "جەنگە مەترسیدارەکە رۆیشتنە بەرەو رێککەوتنێکی ئاشتیی راستەوخۆ کە کۆتایی بە جەنگەکە دەهێنێت، نەوەک رێککەوتنێکی ئاگربەست کە زۆرجار جێگیر نابێت."

ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا پێشتر رایگەیاندبوو، رۆژی دووشەممە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا دەچێتە واشنتن. ترەمپیش کۆبوونەوەکەی پشتراست کردەوە.

 ترەمپ ئەوەیشی خستەڕوو کە "ئەگەر هەموو شتێک بەباشی بڕوات، ئەوا دواتر کۆبوونەوەیەک لەگەڵ سەرۆک پووتین رێکدەخەین،" بەبێ ئەوەی دیاری بکات کۆبوونەوەکە سێقۆڵی دەبێت یان نا.

 ترەمپ گوتیشی: "بە ئەگەری زۆرەوە، ژیانی ملیۆنان کەس رزگار دەکرێ."

 لەکاتی بەڕێوەچوونی لووتکەی نێوان ترەمپ و پووتین، جەنگ لە ئۆکراینا بەردەوام بوو. رووسیا شەوی رابردوو 85 درۆن و مووشەکێکی بالیستی ئاراستەی ئۆکراینا کرد و کۆنترۆڵکردنی دوو گوندی لە ئۆکراینا راگەیاند.

سەرچاوە: ڕووداو