ترەمپ بۆ خامنەیی: دەزانین لە کوێیت، ئارامیمان خەریکە کۆتایی دێت

لە هەڕەشەیەکی راستەوخۆدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکدا لەسەر سەکۆی "Truth Social" رایگەیاند، وڵاتەکەی "شوێنی خۆحەشاردانی" رێبەری باڵای ئێران دەزانێت، بەڵام هۆشداریی دا کە "ئارامیمان خەریکە کۆتایی دێت" ئەگەر هێرشەکان بۆ سەر هاووڵاتییانی سڤیل و سەربازانی ئەمریکی بەردەوام بن.

حوزەیری 17, 2025 - 21:41
ترەمپ بۆ خامنەیی: دەزانین لە کوێیت، ئارامیمان خەریکە کۆتایی دێت

 دۆناڵد ترەمپ لە پۆستەکەیدا بە ئاشکرا هێڵی سووری بۆ ئێران دیاری کرد و نووسی: "ئێمە بە دروستی دەزانین ئەو کەسەی پێی دەگوترێت 'رێبەری باڵا' لە کوێ خۆی حەشارداوە. ئەو ئامانجێکی ئاسانە، بەڵام لەوێ سەلامەتە - ئێمە لەناوی نابەین (نایکوژین)، لانیکەم بۆ ئێستا نا."

 سەرۆکی ئەمریکا لە درێژەی پەیامەکەیدا هۆکار و هێڵە سوورەکانی روونکردووەتەوە و دەڵێت: "نامانەوێت مووشەک بەر هاووڵاتییانی سڤیل یان سەربازانی ئەمریکی بکوێت. ئارامیمان خەریکە کۆتایی دێت."

 ئەم پەیامەی ترەمپ بەشێکە لە ستراتیژییەتی "ئەوپەڕی گوشار" و شەڕی دەروونی کە ئیدارەی ترەمپ لە بەرامبەر ئێران گرتوویەتییەبەر. دوای سێ خولەک، ترەمپ پۆستێکی دوو وشەیی کرد و نووسی: "خۆڕادەستکردنی بێ مەرج" بەبێ ناوهێنانی هیچ کەس و لایەنێک.

 دەقی بڵاوکراوەکەی دۆناڵد ترەمپ:

ئێمە بە تەواوی دەزانین ئەو کەسەی پێی دەگوترێت "رێبەری باڵا" لە کوێ خۆی حەشارداوە. ئەو ئامانجێکی ئاسانە، بەڵام لەوێ سەلامەتە - ئێمە لەناوی نابەین (نایکوژین)، لانیکەم بۆ ئێستا نا. بەڵام نامانەوێت مووشەک ئاراستەی هاووڵاتییانی سڤیل یان سەربازانی ئەمریکی بکرێت. ئارامیمان خەریکە کۆتایی دێت. سوپاس بۆ سەرنجتان لەسەر ئەم بابەتە!"

سەرچاوە: ڕووداو