نرخی نەوتی برێنت بۆ نزیکەی 67 دۆلار دابەزی

حوزەیری 30, 2025 - 09:11
نرخی نەوتی برێنت بۆ نزیکەی 67 دۆلار دابەزی

کەمبوونەوەی مەترسییە جیۆسیاسییەکانی پەیوەست بە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەگەری خستنەڕووی نەوتی زیاتر لەلایەن گرووپی ئۆپێک پڵەس، هۆکاری دابەزینی نرخی نەوتە. نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 66 سەنت دابەزی و بەرمیلێکی بە 67 دۆلار و 11 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

 نرخی نەوتی برێنت لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بۆ رادەستکردنی لە مانگی 9ـی ئەم ساڵ تەنانەت زیاتر دابەزی، 83 سەنتی لێبووەوە و بەرمیلێکی بە 65 دۆلار و 97 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

 نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 94 سەنت دابەزی و بە 64 دۆلار و 58 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەفتەی رابردوو لە ئاستی هەفتانەدا نرخی نەوت گەورەترین دابەزینی هەفتانەی لە دوای مانگی 3ـی ساڵی 2023 تۆمارکرد.

شەڕی 12 رۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل نرخی نەوتی برێنتی لە رۆژی 13ـی ئەم مانگە بەرزکردبووەوە بۆ زیاتر لە 80 دۆلار، بەڵام دوای ئەوەی ترەمپ ئاگربەستی نێوان دوو وڵاتی راگەیاند، دابەزی بۆ نزیکەی 67 دۆلار.

 تۆنی سایکامۆر، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (IG) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل زۆربەی مەترسییە جیۆساسییەکانی لەنێو بازاڕدا لەنێوبردووە." سایکامۆر پێیوایە جگە لەوە، "ئەگەری خستنەڕووی نەوتی زیاتر لە مانگی 8ـی ئەمساڵدا لەلایەن ئۆپێک پڵەسەوە هۆکاری دیکەی دابەزینی نرخی نەوتە."

سەرچاوە: ڕووداو