نرخی زێڕ بۆ زیاتر لە 3280 دۆلار بەرزبووەوە

دابەزینی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دراوەکانی دیکە، ئەمڕۆ دووشەممە بووە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ.

حوزەیری 30, 2025 - 09:09
نرخی زێڕ بۆ زیاتر لە 3280 دۆلار بەرزبووەوە

نرخی یەک ئۆنسە زێڕ لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بەڕێژەی 0.2٪ بەرزبووەوە و بە 3281 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بەڕیژەی 0.2٪ بۆ 3293 دۆلار بەرزبووەوە. هەفتەی رابردوو، نرخی زێڕ لەبەر رێککەوتنی بازرگانیی نێوان چین و ئەمریکا، دابەزی بۆ کەمترین ئاستی لە ماوەی یەک مانگی رابردوودا.

تیم واتێرێر، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (کەی سی ئێم ترەید) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "رێککەوتنی بازرگانیی نێوان چین و ئەمریکا و ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل، بووەتە هۆکاری ئەوە فاکتەری جیۆسیاسی کاریگەری لەسەر نرخی زێڕ کاڵ ببێتەوە."

ئەمڕۆ دووشەممە، پێنوێنی دۆلار کە بەهای دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە شەش دراوی سەرەکیی جیهانی پێشاندەدات، بەڕیژەی 0.2٪ دابەزی و ئەوەش نرخی زێڕی بەرزکردەوە. دابەزینی بەهای دۆلار خواست بۆ کڕینی زێڕ لەو وڵاتانەی بە دراوی نیشتمانی خۆیان مامەڵە بە زێڕەوە دەکەن، بەرزدەکاتەوە.

واتێرێر پێیوایە، لە ماوەی کورتمەودادا، بەهۆی نەمانی هۆکاری جیۆسیاسی، ئەگەری دابەزینی نرخی زێڕ هەیە. ئەو شرۆڤەکارە دەڵێت، دابەزینی بەهای دۆلارە ناهێڵێت نرخی زێڕ دابەزێت بۆ نزیکەی 3250 دۆلار.

بەپێی واتێرێر، ئاستی 3250 دۆلارئاستێکی هەستیارە بۆ نرخی زێڕ و ئەگەر ئەو ئاستە بشکێت بە ئاسانی دادەبەزێت بۆ نزیکەی 3200 دۆلار.

سەرچاوە: ڕووداو