عەباس عێراقچی هەڕەشە دەکات
وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی ئەمریکا کرد و ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی لە ئامادەباشیی تەواودایە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر دەستدرێژییەک، هاوکات لەگەڵ بەرپرسانی باڵای تورکیا و پاکستان تاوتوێی مەترسییەکانی هەڵکشانی گرژییەکانی ناوچەکەی کرد.
ئەمڕۆ شەممە، 1ـی ئابی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی جیادا لەگەڵ هەریەک لە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، و عاسف مونیر، سوپاسالاری پاکستان، گفتوگۆی لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە کرد.
بەپێی زانیارییەکانی میدیای فەرمیی ئێران، لەم پەیوەندییانەدا هەردوولا مەترسییەکانی هەڵکشانی گرژی و نائارامییان لە ناوچەکەدا تاوتوێ کردووە.
لە چوارچێوەی هەڵوێستەکانی تاران بەرامبەر بە پێشهاتەکان، عێراقچی پەیامێکی هۆشداریی ئاراستەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرد و جەختی لەوە کردەوە کە هەنگاوەکانی واشنتن ئاسایش و ئارامیی ناوچەکە زیاتر بەرەو ناسەقامگیری دەبات و کردەوەکانیان گرژییەکان دەگەیەنێتە لووتکە.
وەزیری دەرەوەی ئێران بە ڕاشکاوی هۆشداریی دا کە هەر جۆرە سەرکێشییەکی ئەمریکا بە وەڵامێکی توندی کۆماری ئیسلامیی ئێران کۆتایی دێت، و دووپاتی کردەوە کە وڵاتەکەی لە ئامادەباشیی تەواودایە بۆ وەڵامدانەوە و بەرپەرچدانەوەی هەر دەستدرێژییەک کە بکرێتە سەری.