وەزارەتی دەرەوەی سوریا مەرجی ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژی "هەسەدە" ڕاگەیاند

تیشڕین یەکە 18, 2026 - 00:40
وەزارەتی دەرەوەی سوریا مەرجی ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژی "هەسەدە" ڕاگەیاند

وەزارەتی دەرەوەی سوریا لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ تەلەڤیزیۆنی فەرمی وڵاتەکەی، نوێترین هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە گرژییەکانی لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند'' بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بەستراوەتەوە بە پابەندبوونی ئەو هێزانە بە ڕێککەوتنامە واژۆکراوەکانەوە.''

وەزارەتی دەرەوەی سوریا داوای لە "هەسەدە" کرد ببێتە هاوبەشێکی ڕاستەقینە لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ١٠ی ئازار.
 ئاماژەی بەوە کرد کە ئامانجی سەرەکی لە فشارە سەربازییەکانی ئێستا، دروستکردنی واقیعێکە کە ئەو هێزانە ناچار بکات بۆ جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکە.

لە بەشێکی تری لێدوانەکەدا، حکومەتی سوریا ڕایگەیاند'' هەسەدە پابەند نەبووە بە ڕێککەوتنی کۆتایی تایبەت بە کشاندنەوەی هێزەکانی لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای فورات.''

هەروەها، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان تەنها ئەو کاتە ڕادەوەستن کە هەسەدە بە کردەیی ڕازی بێت بە جێبەجێکردنی تەواوی خاڵەکانی ڕێککەوتنی ١٠ی ئازار.

سەبارەت بە پرسی داعش و سەقامگیری ناوچەکە، وەزارەتی دەرەوەی سوریا ئاشکرای کرد کە ئەوان لەگەڵ ئیدارەی ئەمریکا لە هەماهەنگیدان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پاشماوەکانی داعش و کۆنترۆڵکردنی دۆخی ئەمنی. 

ئەمە لە کاتێکدایە، ئەدمیراڵ براد کووپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا، دەڵێت'' داوا لە هێزەکانی سووریا دەکەین هەر کارێکی هێرشبەرانە لە ناوچەکانی نێوان حەلەب و تەبقا ڕابگرن.''

هەروەها، لە پەیامێکی فەرمیدا بۆ دەسەڵاتدارانی دیمەشق، ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆک کۆماری فەڕەنسا ڕایگەیاند'' هێنانەدی سووریایەکی یەکگرتوو و خاوەن سەقامگیری، تەنیا لە ڕێگەی تێکەڵکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە دامەزراوەکانی دەوڵەت دەبێت.''

 هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە بژاردەی سەربازی و جەنگ دژی ئەو هێزانەی هاوشانی هاوپەیمانان ڕووبەڕووی داعش بوونەتەوە، هیچ چارەسەرێکی سیاسی و ئەمنی بەدی ناهێنێت.