پاڵەوانێتییە لە 1963ـەوە هەیە، بەڵام ساڵی 2021 بە رێککەوتنی لەگەڵ فیفا ناوەکەی کرایە فیفا عەرەب کەپ و بووە پاڵەوانێتییەکی فەرمی، ئەمە دووەمجارە لەسەریەک لە قەتەر دەکرێت، دوای ئەوەی ساڵی 2021 لەو وڵاتە ئەنجامدرا.
لە رکابەرییەکانی پاڵەوانێتییەکەدا 16 هەڵبژاردە بەشداردەبن، بەسەر چوار کۆمەڵەدا دابەشدەکرێن و هەر کۆمەڵەیەک 4 هەڵبژاردە لە خۆی دەگرێت.
یەکەم یاریی پاڵەوانێتییەکە لەنێوان هەردوو هەڵبژاردەی سوریا و تونس دەبێت، کاتێک کاژێر 16:00 رووبەڕووی یەکدەبنەوە، بەڵام رێوڕەسمی دەستپێکردنی پاڵەوانێتییەکە بۆ یاریی قەتەری میواندار و فەلەستین دەکرێت کە کاژێر 18:45 رووبەڕووی یەکدەبنەوە و بەر لە یارییەکە رێوڕەسمی فەرمیی پاڵەوانێتییەکە ئەنجامدەدرێت.
خەڵاتە داراییەکانی پاڵەوانێتییەکە
خەڵاتی دارایی پاڵەوانێتییەکە لە چاو پاڵەوانێتیی رابردوو نزیکەی 11 ملیۆن دۆلاری بۆ زیادکراوە و لە 25.5 ملیۆن دۆلارەوە کراوەتە 36.5 ملیۆن یۆرۆ و ئەوەی نازناوەکە دەباتەوە 7.1 ملیۆن دۆلار وەکو پاداشتی دارایی بردنەوەی نازناوەکە دەباتەوە، کە زیاتر لە ملیۆنێک زیاترە لەو پارەیەی کە لە وەشانی رابردوودا دراوەتە پاڵەوان.
خاوەنی پلەی دووەمی جامی عەرەب، 4.2 ملیۆن دۆلاری پێدەرێت، پلەی سێیەم 2.8 ملیۆن دۆلار وەردەگرێت.
گەیشتن بە قۆناخی هەشتی پاڵەوانێتییەکە پاداشتەکەی دەگاتە 1.07 ملیۆن دۆلار و بۆ بەشداریکردنیش لە پاڵەوانێتییەکەدا هەر هەڵبژاردەیەک 715 هەزار دۆلار وەردەگرێت.
یاریزانی کورد لە پاڵەوانێتییەکەدا
هەڵبژاردەی عێراق لە رکابەرییەکانی پاڵەوانێتییەکەدا بەشدار و لە کۆمەڵەی چوارەم یاریی دەکات.
لە ریزەکانی هەڵبژاردەکەدا، سێ یاریزانی کورد دەبینرێن، هەریەکە لە ئاکام هاشم، شێرکۆ کەریم و مارکۆ فەرەج بانگهێشتی هەڵبژاردەکە کراون، هەرچەند سەرەتا ناوی ئوسامە رەشیدی تێدابوو، بەڵام دوای ئەوەی راپۆرتی پزیشکی دەرکەوت ئەو یاریزانە بەتەواوی ئامادەنەبوو و بەو هۆیەوە لە پاڵەوانێتییەکە دوورخرایەوە.
یەکەم یاریی هەڵبژاردەی عێراق لە پاڵەوانێتیی جامی عەرەبدا، رۆژی چوارشەممە دەبێت کاتێک بەرامبەر هەڵبژاردەی بەحرەین یاریی دەکات، دوای سێ رۆژ لەو یارییەش رووبەڕووی سودان دەبێتەوە، پاشان لە 9ـی ئەم مانگە لە یارییەکی بەهێزدا بەرامبەر جەزائیر یاری دەکات.
سەرچاوە:رووداو