سوپای سووریا له نزیك سنووره‌كانی عێراق خرایه ئه‌وپه‌ڕی حاڵه‌تی ئاماده‌باشییه‌وه
ئەمڕۆ سێشەممە هێزە چەکدارەکانی سووریا حاڵه‌تی ئامادەباشیی سەربازی له نزیك سنووره‌كانی عێراق بۆ بەرزترین ئاست بەرز کردەوە، تا ئێستا به‌شێوه‌یه‌كی فەرمی هۆکاری ئه‌م ئاماده‌كارییانه له‌لایه‌ن حكوومه‌ت رانه‌گه‌یه‌نراوه.
وەزارەتی بەرگریی سووریا ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه ڕێنماییه‌كی به‌په‌له‌ی دەرکردووە بۆ چوونی سه‌رجه‌م یەکە سەربازییەکان بۆ باری نائاسایی ئاستی (ج)، لەگەڵ بڵاوکردنەوەی هێزێكی زۆر لەنزیك سنووره‌كانی لەگەڵ عێراقدا.
لای خۆشیانه‌وه سه‌رجه‌م هێزه ئه‌منی و سەربازییەکان ڕێنماییان داوه‌ته كارمه‌نده‌كانیان كه دەستبەجێی په‌یوه‌ندی به هێز و یه‌كه سه‌ربازییه‌كانیانه‌وه بكه‌ن، وه‌ك ئامادەکارییه‌ك بەرامبەر هەر پێشهاتێکی نه‌خوازراو و له‌ناكاودا.
سه‌باره‌ت به هۆكاری ڕاگەیاندنی ئه‌م باره‌ی ئامادەباشی و نائاسایی سوپای سووریا، حكوومه‌ت و لایەنە فەرمییەکانی سووریا تا ئێستا هیچ شتێكیان نەدركاندووه.
ئەم ڕێکارانە لە سایەی هەڵکشانی گرژییە ئەمنی و ناوچەیییەکان دێن، بەتایبەتی لەسەر سنووره‌كانی عێراق-سووریا، کە لەم دواییانەدا توندوتۆڵکردنی ئەمنی زیاتر لەلایەن هەردوولاوە بەخۆیەوە بینیوە.
لای خۆشییه‌وه حکوومەتی عێراق له ماوه‌كانی رابردوودا هه‌موو كات جەختی لەسەر پابەندبوونییه‌كانی خۆی کردووەتەوە بەوەی كه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ڕێگە نادات خاکەکەی بۆ هیچ دەستدرێژییەک لەسەر وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێنرێت، هاوکات لەگەڵ بەهێزکردنی هەماهەنگیی ئەمنی و پاراستنی هێڵی سنووری له‌نێوان عێراق و سه‌رجه‌م وڵاتانی دراوسێدا.
سەرچاوە: کوردستان تیڤی