لە یارییەکی لووتکە و پڕ لە مشتومڕدا، یانەی دهۆک بووە میوانی یانەی زەورا لە یاریگەی نێودەوڵەتی زەورا.کوڕانی ئەلهۆیێن چیای زۆر زوو گورزی خۆیان وەشاند و لە
خولەکی 9دا مونزر عەلەوەی گۆڵی پێشکەوتنی بۆ دهۆک تۆمارکرد. خۆشییەکەی دهۆک تەنیا دوو خولەکی خایاند، کاتێک ئاکام هاشمی یاریزانی کوردی یانەی زەورا ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە.
لە نیوەی دووەمدا، دهۆک بە تهکتیکێکی بەرزەوە دەرکەوت؛ هاروون ئەحمەدی مایسترۆ ئەسیستێکی ناوازەی بۆ ئاندرێ سەناتی کرد و ئەویش گۆڵی دووەمی بۆ دهۆک تۆمارکرد. یارییەکە بەرەو کۆتایی دەچوو، بەڵام لە خولەکی 89دا گۆڵێکی پڕ لە گومان لەلایەن موراد محەممەدەوە بۆ زەورا تۆمارکرا، کە دهۆکییەکان پێیانوابوو ئۆفسایدە، بەڵام ناوبژیوان ئەژماری کرد. لە دوایین چرکەکاندا زەورا گۆڵی سێیەمی تۆمارکرد بەڵام ڤار رەتی کردەوە.
یارییەکە بە (2-2) کۆتایی هات و دهۆک بە 42 خاڵ لە پلەی دەیەمدا جێگیر بوو.
نەورۆز لە رومادی گڕی گرت
لەلایەکی دیکەوە، یانەی نەورۆز لە شاری رومادی بووە میوانی یانەی گەرمە. یارییەکە تاوەکو دوایین ساتەکان بە هاوسەنگی و بەبێ گۆڵ مایەوە، بەڵام کلیلی یارییەکە لە خولەکی کۆتاییدا بوو. دوای گەڕانەوە بۆ تەکنەلۆژیای ڤار، ناوبژیوان لێدانێکی سزای بۆ نەورۆز ئەژمارکرد و کۆمۆلافێ تۆڕی گەرمەی هەژاند.
ئەم سەرکەوتنە ورەی یاریزانانی نەورۆزی بەرزکردەوە و کۆی خاڵەکانی گەیاندە 47 خاڵ، بەمەش تەنیا 6 خاڵ لە یانەی گەرمەی پلەی شەشەمەوە دوورە و کێبڕکێی گەیشتن بە ریزبەندییەکانی پێشەوەی خولەکە دەکات.
سەرچاوە: رووداو