ریال مەدرید تۆڵە لە ئارسیناڵ دەکاتەوە
یانەی ریال مەدرید دەچێتە نێو ململانێیەکی نوێوە لەگەڵ یانەی ئارسیناڵی ئینگلیزی و دەیەوێت لەبەدەستهێنانی ئامانجێکی بێبەشی بکات.

ریال مەدرید لە ناوەڕاستی هەفتەی رابردوودا لەسەردەستی ئارسیناڵ لە چامپیۆنزلیگ، لە قۆناخی هەشت کرایە دەرەوە، پاشئەوەی لە هەردوو یاریی چوون و هاتندا 5 - 1 دۆڕا.
میدیای ئیسپانیا دەڵێن، ریال مەدرید بەگرێبەستکردن لەگەڵ ئامانجێکی ئارسیناڵ، دەیەوێت گورز لەو یانەیە بدات و تۆڵەی لێبکاتەوە.
سەرچاوەکان دەڵێن، یانەی ریال مەدرید دەیەوێت هێڵی ناوەڕاستەکەی بەگرێبەستکردن لەگەڵ مارتن زوبیمێندی، یاریزانی یانەی ریال سۆسیێداد پتەوتر بکات. گواستنەوەی زوبیمێندی تێچووی زۆری نابێت، چونکە مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی تەنیا 60 ملیۆن یۆرۆیە.
زوبیمێندی ئامانجێکی گەورەی ئارسیناڵ و داخوازییەکی گەورەی میکێل ئارتێتای راهێنەری یانەکەیە. ئەو یاریزانە 26 ساڵە، هاوینی رابردوو رەتیکردەوە پەیوەندی بەلیڤەرپوولی ئینگلیزییەوە بکات، بەپێی ئەوەی سەرچاوە ئیسپانییەکان ئاشکرایانکردووە، زوبیمێندی، چوونە ریال مەدریدی کردووەتە ئامانجی سەرەکیی خۆی، هەر ئەوەش وایکردووە بەرپرسانی ریال مەدرید بەگەشبینییەوە لە گواستنەوەکە بڕوانن.
سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان پێشبینیدەکەن، هاوینی ئەمساڵ ریال مەدرید گۆڕانکاریی گەورە لە ریزەکانیدا بکات، پاشئەوەی لە چامپیۆنزلیگ کرایە دەرەوە و لە لالیگاش کەوتە دوای بارسێلۆنا و ئومێدی زۆری بەبەدەستهێنانی نازناوەکە نەماوە.
سەرچاوە: ڕووداو