حیزبوڵڵای عێراق: پێویستە حکومەت میکانیزمی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا روون بکاتەوە
کەتائیبی حیزبوڵڵای عێراق پشتگیریی خۆی بۆ کردنەوەی بەشێکی سنووری عێراق و سووریا دەردەبڕێت، داواش لە حکومەتی عێراق دەکات میکانیزمی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق روون بکاتەوە.

ئەبو عەلی عەسکەری، بەرپرسی ئەمنیی کەتائیبی حیزبوڵڵا، درەنگانی شەوی رابردوو راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت، "رووداوە خێراکان و هەڵوێستە بێباکییەکان و ئەو ئاڵنگارییە گەورانەی رووبەڕووی گەلە خۆشەویستەکەمان و گەلانی ناوچەکە دەبنەوە، ئەوەمان لێ دەخوازێت بە بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە بکەین، بەجۆرێک خزمەت بە دۆزە سەرەکییەکانمان بکات، کە پەیوەندییان بە سەروەریی وڵات و دەرکردنی هێزەکانی داگیرکەر و لێپرسینەوە لە تێوەگلاوەکان لە خوێنی سەرکردەکانی سەرکەوتن و دزینی پارەی گەلەوە هەیە."
بەرپرسی ئەمنیی کەتائیبی حیزبوڵڵا گوتیشی، کۆمەڵێک شت هەن کە پێویستە بیربخرێنەوە:
یەکەم: کۆبوونەوەی لووتکەی عەرەبی بێ ئامادەبوونی سەرۆک ئەسەد، بێ عێراق و لیبیا بەڕێوەدەچوو، ئێستاش بەهۆی ئامادەنەبوونی تاوانبار (ئەبو محەممەد جۆلانی)، سەرکردەی بەرەی نوسرەی تاوانکارەوە ناوەستێت.
دووەم: لەگەڵ کردنەوەی بەشێکی سنووری عێراق و سووریاداین بۆ بازرگانی و سەردان بۆ شوێنە پیرۆزەکان، چونکە سوودی بۆ گەلی خوشک و برای سووریا هەیە.
سێیەم: پێویستە حکومەتی عێراق بە زووترین کات میکانیزمی خشتەی کشانەوەی هێزەکانی داگیرکەری ئەمریکی لە عێراق روون بکاتەوە، ئەگینا ئەو رێککەوتنانەی لە نێوانیاندا لەگەڵ ئەمریکای دووژمن کراون، تەنیا مەرەکەب دەبن لەسەر کاخەز.
چوارەم: ئەو تاوانەی ئەمریکییەکان بەرامبەر گەلی یەمەن دەیکەن و پشتگیرییە بێ سنوورەکەیان بۆ قەوارەی زایۆنی کە بەشداری لە جینۆسایدی گەلی فەلەستین و کوشتنی لوبنانی و سووریاییەکان کردووە، ئاسایش بۆ ئەوان و قەوارەی زایۆنی بەدەست ناهێنێت، زوو یان درەنگ باجێکی گران دەدەن.
پێنجەم: (کازمی) غەدرکار لە تاوانی گەورە و زۆر تێوەگلاوە، لە سەرووی هەموویانەوە کوشتنی سەرکردەکانی سەرکەوتن، پیلانگێڕان لە وڵات، دزینی ملیاران دۆلار و تێوەگلان لە تاوانی ساختەکاری، بۆیە ئەوەی کار بۆ دووبارەکردنەوەی دەکات، شەرم لە خۆی بکات.
شەشەم: دانوستانی ناڕاستەوخۆی ئێران و ئەمریکا تایبەتە بە کۆماری ئیسلامی و هیوادارین کارەکان بەرەو خێر بڕۆن، هەرچەندە گومانمان لەوە هەیە.
کەتائیبی حیزبوڵڵاى عێراقى یەکێک لە پێکهێنەرانى ئەو گرووپەی خۆیان بە موقاوەمەى ئیسلامى لە عێراق دەناسێنن و نزیکن لە ئێرانەوە.
سەرچاوە: ڕووداو