وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە بەغداوە: نابێت عێراق رابکێشرێتە نێو ململانێ ناوچەییەکان
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە بەغداوە رایگەیاند، نابێت عێراق رابکێشرێتە نێو ململانێکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. هەروەها هەوڵەکانی حکومەتی عێراقیشی "بۆ پاراستنی سەقامگیریی وڵات" بەرزنرخاند.

رۆژی چوارشەممە، 23ـی نیسانی 2025، ژان نۆیێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست سەردانی عێراقیشی کرد. وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە بەغدا لەگەڵ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "گرنگە عێراق رانەکێشرێتە نێو ئەو ململانێیەی کە خۆی هەڵینەبژاردووە."
لە ئۆکتۆبەری 2023ـەوە جەنگی غەززە دەستپێکردووە، هێزە بەوەکالەتەکانی ئێران دوای ئەوە ناوە ناوە بە مووشەک و درۆن هێرشیان بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکرد. عێراق کە لە یەک کاتدا هاوپەیمانی ئێران و ئەمریکایە، هەوڵیداوە خۆی لە ململانێکان بەدوور بگرێت و پرووشکی شەڕ لەخۆی دووربخاتەوە و نەهێڵێت گرووپە چەکدارەکانی نێو عێراق ببنە بەشێک لە ململانێکان.
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ستایشی هەوڵەکانی حکومەتی عێراقی بۆ "پاراستنی سەقامگیریی وڵات" کرد و گوتی، "دڵنیایین کە عێراقێکی بەهێز و سەربەخۆ سەرچاوەی سەقامگیرییە بۆ تەواوی ناوچەکە، کە ئەمڕۆ بەهۆی ئەو ململانێیەی لە 7ـی ئۆکتۆبەر دەستیپێکرد و چالاکییەکانی بۆ تێکدانی سەقامگیری هەڕەشەی لێدەکرێت."
دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کانوونی دووەمی ئەمساڵ گەڕایەوە کۆشکی سپی، "سیاسەتی زۆرترین گوشاری" بەسەر ئێراندا سەپاند و لە سەرەتای ئەم مانگەشەوە گفتوگۆکانی واشنتن و تاران لەسەر پرسی ئەتۆمیی ئێران دەستیپێکردووە.
فوئاد حوسێن لە کۆنفڕانسە رۆژنامەڤانییەکەدا هیوای سەرکەوتنی گفتوگۆکانی خواست "بۆ ئەوەی ناوچەکە لە مەترسیی جەنگ بپارێزرێت"، هەروەها گوتیشی، "هیچ جێگرەوەیەک بۆ گفتوگۆکان نییە."
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە بەغدا لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە و دواتر بەرەو هەولێر بەڕێکەوت.
عێراق و فەرەنسا پەیوەندییە دووقۆڵییەکانیان لەسەر ئاستی وزە و ئاسایش بەهێز کردووە. هاوئاهەنگیی ئەمنیی بەهێز لەنێوان عێراق و فەرەنسادا هەیە. فەرەنسا یەکێک بوو لەو وڵاتانەی بەشداری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش کردووە، کە بەغدا دەیەوێت خاکی وڵاتەکەی جێبێڵن و ئەرکە ئەمنییەکان بە ئاسایش و سوپای عێراق بسپێردرێن.
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ئاماژەی بەوەشکرد، فەرەنسا ئامادەیە بۆ بەردەوامیدان بە پاڵپشتیکردنی عێراق و جەختی لەوەش کردەوە، "ناتوانین رێگە بدەین 10 ساڵ شەڕکردن دژی تیرۆر لەنێوبچێت".
سەرچاوە: ڕووداو