ئەحمەد شەرع: پەیوەندییەکانمان لەگەڵ عێراق روو لە باشبوونە
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا ئەمڕۆ یەکشەممە، 26ـی تەممووزی 2026، رایگەیاند، پەیوەندییەکانی دیمەشق لەگەڵ عێراق بەردەوام لە باشبوونە، ئاماژەی بەوەش کرد، وڵاتەکەی هیچ بەتەمای نییە دەستوەردانی سەربازی لە لوبنان بکات، هاوکات ئاشکرای کرد، هەوڵ بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی ئەمنی لەگەڵ ئیسرائیل بە بەشداری چەند دەوڵەتێک لە ئارادایە، بەبێ ئەوەی دەستبەرداری مافی سووریا ببن لە بەرزاییەکانی جۆلانی داگیرکراو.
ئەحمەد شەرع لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی جەزیرە رایگەیاند، حکوومەتی سووریا لەگەڵ حکوومەتی لوبنان تاوتوێی دۆزینەوەی چارەسەرێک دەکات بۆ دەربازکردنی لوبنان و گەیاندنی بە کەناری ئارامی، جەختیشی کردەوە، چارەسەرکردنی قەیرانی لوبنان "مەرج نییە تەنیا ئەمنی بێت"، بەڵکو دیمەشق کار لەسەر دیدگایەکی گشتگیر دەکات لەم بارەیەوە.
سەرۆکی سووریا ئاماژەی بەوەش دا، هەر جۆرە پشێوییەک لە لوبنان راستەوخۆ کاریگەری بەسەر سووریاوە دەبێت و جارێکی دیکە پاڵپشتی خۆی بۆ قۆرخکردنی چەک و بڕیاری ئاشتی و جەنگ لەلایەن دەوڵەتی لوبنانەوە دووپات کردەوە. هاوکات نیگەرانی خۆی لە ئەگەری بەرفراوانبوونی بازنەی جەنگ لە ناوچەکەدا دەربڕی.
سەبارەت بە ئیسرائیل، ئەحمەد شەرع روونیکردەوە، دیمەشق خۆی لە پێکدادان لەگەڵ تەلئەڤیڤ بەدوور دەگرێت و هیچ بەرژەوەندییەکی لەوەدا نییە، ئاماژەی بەوەش دا، کار بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی ئەمنی لەگەڵ ئیسرائیل بە بەشداری کۆمەڵێک وڵات دەدات، جەختیشی کردەوە، سەرکەوتنی ئەم رێککەوتنە رەنگە رێگە خۆش بکات بۆ ئاشتییەکی گشتگیر، بەبێ ئەوەی سووریا دەستبەرداری مافی خۆی لە بەرزاییەکانی جۆلانی داگیرکراو ببێت.
لەبارەی دۆخی ناوخۆی وڵاتەکەیەوە، سەرۆکی سووریا ئاماژەی بەوە کرد کە هەڵگرتنی سزای ئابوورییەکان هیچ سوودێکی نابێت ئەگەر سووریا لە لیستی وڵاتانی پاڵپشتیکاری تیرۆر لانەبرێت.
سەبارەت بە رێککەوتنی نێوان حکوومەتی سووریا و کورد، شەرع ئاماژەی بە بوونی سستی لە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەدا کرد، بەڵام جەختی کردەوە، حکوومەت هێشتا هیوای بە سەرکەوتنی هەیە.
هەروەها باسی لەوە کرد، دەسەڵاتدارانی سووریا لیژنەیەکی تایبەتیان بۆ بەڕێوەبردنی دۆسیەی بێسەروشوێنبووان بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان و بە هاوکاری ئەو وڵاتانەی ئەزموونیان لەم بوارەدا هەیە، پێکهێناوە.
لە تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکەدا، شەرع ئاماژەی بەوە کرد کە گفتوگۆکانیان لەگەڵ رووسیا سەبارەت بە چارەنووسی بنکە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە لە سووریا هێشتا یەکلایی نەکراونەتەوە.
سەرۆکی سووریا ئاشکرای کرد کە لێکۆڵینەوەکان لەسەر رووداوە هاتوچۆکەی نێوان دیمەشق و دێرەزوور هێشتا بەردەوامن و سەرجەم ئەگەرەکان، لەوانەش ئەگەری سروشتیبوون و رێکەوتبوونی رووداوەکە، لەژێر لێکۆڵینەوەدان.
سەرچاوە: کوردستان24