نرخی تمەن دابەزی؛ یەک دۆلار بە 88 هەزار و 350 تمەن مامەڵەی پێوەدەکرێت
ئەمڕۆ دووشەممە نرخی تمەنی ئێرانی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی.

لە کاتێکدا رۆژی یەکشەممە، یەک دۆلار بە کەمتر لە 85 هەزار تمەن مەمەڵەی پێوەدەکرا، ئەمڕۆ دووشەممە نرخی دۆلار بەرامبەر بە تمەن نزیکەی 3600 تمەن بەرزبووەوە و یەک دۆلاری ئەمریکی بە 88 هەزار و 350 تمەن مامەڵەی پێوەدەکرێت.
لە دوای راگەیاندنی ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل، دەستبەجێ نرخی تمەن بەرامبەر بە دۆلار بەرزبووەوە، بە چەشنێک یەک دۆلاری ئەمریکی بۆ نزیکەی 83 هەزار تمەن دابەزی. بەڵام لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئێران بە تەواوەتی، دووبارە نرخی دۆلار بەرامبەر بە تمەن، ئاراستەی بەرەو بەرزبوونەوە گۆڕی.
لە کاتێکدا پێشبینی دەکرا ئەم هەفتەیە دانوستاندنەکانی نیوان ئێران و ئەمریکا لەسەر پرسی ئەتۆمی دەستپێبکاتەوە، بەڵام عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئیران رایگەیاندووە هێشتا هیچ کاتێک بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکان دەستنیشان نەکراوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاش رایگەیاندووە هەر کاتێک پێویست بکات دووبارە هێرشدەکەنەوە سەر ئێران، ئەگەر ئەو وڵاتە پێداگربێت لەسەر پیتاندنی یورانیۆمی و پێشخستنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی.
سەرچاوە: ڕووداو