گەنجێکی کوردی ئێزدی دوای 11 ساڵ لەژێر دەستی داعش رزگارکرا
رەوەند نایف، گەنجێکی کوردی ئێزدییە و دوای 11 ساڵ لە رفاندنی لەلایەن داعشەوە، رزگارکرا و گەڕایەوە نێو کەسوکارەکەی.

رەوەند لە تەمەنی 7 ساڵیدا رفێندرابوو، ئێستا تەمەنی 18 ساڵە و یەکەم کەسە لە خێزانە 8 کەسییەکەی رزگاری دەبێت، لە کاتێکدا چارەنووسی ئەندامانی دیکەی خێزانەکەی هێشتا نادیارە. بە فرمێسک و شیرینی و لێلێ لێکردن، کەسوکارەکەی لە شنگال پێشوازییان لە رەوەند کرد.
لە ساتەوەختی گەیشتنەوەیدا، زمانی قسەکردن وەستا و تەنیا فرمێسک و باوەش، گوزارشتیان لە خۆشیی ئەو دیمەنە دەکرد کە 11 ساڵ بوو چاوەڕێی بوون.
رەوەند هێشتا کاریگەریی ئەو ساڵانەی بەسەرەوە دیارە و بە زەحمەت هەندێک لە کەسە نزیکەکانی دەناسییەوە، بە رووداوی گوت: "من لە دەوروبەری رەقە بووم.. ئەمە پوورمە، دایکی رەعد.. ئەوەش ماممە.. نا، هەموویان ناناسمەوە، بیرم نایەت."
پێشتر خێزانەکەی بە تەواوی لێی بێهیوا ببوون و پرسەیان بۆ دانابوو. حاجی حەمێ، مامی رەوەند، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو لای من وەک شەهید وابوو. سوپاسی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی ئێزدی دەکەین کە لەڕێگەی ئەوانەوە رزگارکرا. هیوادارین 39 کەسی دیکەی خێزانەکەشمان کە ماون، رزگار بکرێن."
شارێ حەمێ، پووری رەوەند بە چاوی پڕ لە فرمێسکی خۆشییەوە گوتی: "برازاکەم لە کۆی 8 کەس، تەنیا ئەم گەڕاوەتەوە. تەمەنی 7 ساڵ بوو کە گیرا، ئەوەندە دڵخۆشم نازانم چی بڵێم."
رەوەند نایف لە ماوەی دەستبەسەرییدا لەلایەن داعشەوە لەنێوان چەندین ناوچەی عێراق و سووریا گوازراوەتەوە. دواجار لە دەوروبەری شاری رەققە لە سووریا، لەلایەن نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی ئێزدییەوە، کە بە فەرمانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کاردەکات، رزگارکرا.
سەرچاوە: ڕووداو