دۆناڵد ترەمپ دوایین دەرفەت بە ئێران دەدات
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا تا کۆتایی ئەمڕۆ سێشەممە مۆڵەتی داوەتە بەرپرسانی ئێران بۆ ئەوەی ڕێککەوتن لەسەر ئازادی هاتوچۆی كەشتی لە گەرووی هورمز ئیمزا بکەن، بە پێچەوانەوە ئەو وڵاتە ڕووبەڕووی لێدانی ئاسمانیی وێرانکەر دەبێتەوە.
دۆناڵد ترەمپ ئەمڕۆ سێشەممە لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاندووە: دەمەوێت دوایین دەرفەت بە ئێران بدەم پێش ئەوەی بەتەواوەتی لەناویان ببەین.
هەر ئەمڕۆ سێشەممە لە كاتێكی دیكەدا سکۆت بێسێنت وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ئاشکرای کردبوو کە دانوستان لەگەڵ ئێران بەشێوەیەكی باش بەڕێوەدەچن بۆ دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز.
بێسێنت ڕایگەیاندبوو کە رەنگە ئەمریكا و ئێران ئەمڕۆ یان سبەی بگەنە ڕێککەوتنێک بۆ دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز و زامنكردنی جوولەی کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووەكەدا.
لەلایەکی دیكەوە، سەرچاوەیەکی باڵای ئێرانی بە ئاژانسی (ڕۆیتەرز)ی راگەیاندووە کە وڵاتەکەی ئێستا پلانێک لەگەڵ وڵاتی عوماندا تاوتوێی دەکات، هەردوولا دەیانەوێت کۆنترۆڵی جوولەی کەشتیگەلی لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە بكەن.
جێی باسە ڕێڕەوی ئاوی گەرووی هورمز هەر لە دەستپێکردنی جەنگەوە لە کۆتاییەکانی مانگی شوباتی رابردوو تائێستا زۆربەی كاتەكان داخراوە، هەروەها ململانێ لەسەر گەرووەكە تا ئێستاش خاڵێکی سەرەکیی ناکۆکییەکانی نێوان ئەمریكا و ئێرانە.
سەرچاوە: کوردستان تیڤی