خهڵاتهکانی بەرلینالە دابەشکران و فیلمێکی نەرویجی بووە براوەی ورچی زێڕین
خەڵاتەکانی 75ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین دابەشکران و فیلمی "Dreams" له دهرهێنانی داگ یۆهان داگرۆد، لە نەوریج، خهڵاتی سەرەکی فێستیڤاڵی بەدەستهێنا، ئەویش خەڵاتی ورچی زێڕینە.

دووەم خەڵاتی گرنگی فێستیڤاڵەکە ورچی زیوینە و بەخشرایە فیلمی "The Blue Trail” له دهرهێنانی گابرێل ماسکارۆ، بهرههمی هاوبهشی بەڕازیل، مهکسیک، چیلی و هۆڵهندا. خەڵاتی ورچی زێڕینی لیژنەی دادوەریی فێستیڤاڵ، بەخشرایە فیلمی “The Message“ له دهرهێنانی ئیڤان فۆند، بهرههمی هاوبهشی ئەرجەنتین، ئیسپانیا و ئۆرۆگوای. خهڵاتی ورچی زیوینی فێستیڤاڵ بۆ باشترین دەرهێنەر، بەخشرایە هۆو مێنگ، دەرهێنەری چینی، بۆ دەرهێنەریی فیلمی "Living the Land”. خەڵاتی باشترین ئەکتەری سەرەکی بەخشرایە رۆز بێیرن، بۆ رۆڵگێڕانی لە فیلمی "If I Had Legs I’d Kick You“ بەرهەمی سینەمای ئەمریکا. خەڵاتی باشترین سیناریۆ بەخشرایە رادۆ جودی بۆ نووسینی سیناریۆی فیلمی "Kontinental ’25”، بەرهەمی هاوبهشی رۆمانیا، ههنگاریا و ئهڵمانیا. پێشتر خەڵاتی کامێرای زێڕینی فێستیڤاڵ، بەخشرایە راینەر رۆسەر، شارەزای سینەمایی و بەڕێوەبەری دامەزراوەی "Deutsche Kinemathek". تریشا تاتل، بەڕێوەبەری فێستیڤاڵەکە پێشتر رایگەیاندبوو: "ئێمە رێز لە راینەر رۆسەر دەگرین بۆ کارکردنی چەند ساڵەی لە پێناو پاراستنی مێژووی سینەما و بەوە دەناسرێت کە بونیاتنەری پردی نێوان مێژوو و سینەمای هاوچەرخە". راینەر رۆسەر، جگە لەوەی بەڕێوەبەری "Deutsche Kinemathek"یە، لە هەمانکاتدا لە 2006ـەوە سەرۆکی پێشانگەی سینەمایی بەرلینە و بەرپرسی پێشانگەی سینەمایی کلاسیکی بەرلینە. نووسەری چەندین کتێبە لەبارەی مێژووی سینەما، لە 2001 تاوەکو 2019 ئەندامی لیژنەی هەڵبژاردنی فیلم بووە بۆ پێشبڕکێی فێستیڤاڵی فیلمی بەرلین. لە 1986ـەوە رێکخەرانی فێستیڤاڵی فیلمی بەرلین، رێز لەو کەسایەتی و دامەزراوانە دەگرێت کە خزمەتگوزاریی تایبەتیان بە پیشەسازی سینەما بەخشیوە. خەڵاتەکە لە 128 پارچە پێکهاتووە و هاوشێوەی کامێرایەکی راستەقینە بەرهەمهاتووە و لەلایەن جۆرج هۆرنمان لە دوسلدۆرفی ئەڵمانیا دروستکراوە. 75ـەمین خولی فێستیڤاڵەکە کە بە بەرلینالە دەناسرێت، لە 13 بۆ 23ـی شوباتی 2025 لە بەرلینی ئەڵمانیا بەڕێوەچوو، 19 فیلم لە بەشی کێبڕکێی سەرەکیدا بوون و کێبڕکێیان بۆ بردنەوەی خەڵاتی ورچی زێڕین و زیوین دەکرد. تۆد هاینز، دەرهێنەری ئەمریکی سەرۆکایەتی لیژنەی دادوەری ئەو بەشە دەکات. ساڵانە خەڵاتی ورچی زێڕینی شانازی دەبەخشرێتە کەسایەتییەکی بواری سینەما، ئەم ساڵ بەخشرایە تیلدا سوێنتن، ئەکتەری بەریتانی. تریشا تاتل، پرۆگرامەری فێستیڤاڵ و رۆژنامەڤانێکی بواری سینەمایە، لە 2024 وەک بەڕێوەبەری فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلینالە دەستنیشانکرا. یەکێک لە فیلمە دیارەکانی خولی ئەم ساڵی فێستیڤاڵەکە بەناوی "A Complete Unknown" بوو کە تیشک دەخاتە سەر ژیان و هونەری بۆب دیلەن، گۆرانیبێژی ئەمریکی. لە دەرەوەی پێشبڕکێی فێستیڤاڵدا، فیلمی "Mickey 17" پێشاندرا کە لە دەرهێنانی بۆنگ جۆنە و رۆبێرت پاتنسن، ئەکتەری بەریتانی، رۆڵی سەرەکی دەگێڕێت. فێستیڤاڵەکە بە پێشاندانی فیلمی "Das Licht" لە دەرهێنانی تۆم تیکوێر، دەرهێنەری ئەڵمانی چالاکییەکانی دەستپێکرد. فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین بە بەرلینالە دەناسرێت، یەکەم خولی لە 1951 لە بەرلین سازکراوە و ساڵانە لە مانگی شوبات بەڕێوەدەچێت. لە فێستیڤاڵەکەدا خەڵاتی ورچی زێڕین و زیوین دەبەخشرێت کە هێمایەکە بۆ شاری بەرلین، هەروەها خەڵاتی کامێرای بەرلینالە بەو کەسانە دەبەخشرێت کە خزمەتی فێستیڤاڵەکەیان کردووە. ساڵانە لە فێستیڤاڵەکەدا نزیکەی 300 هەزار بلیت دەفرۆشرێن و فێستیڤاڵەکە بەوە ناسراوە کە زۆرترین ئامادەبووی هەیە، لە هەر خولێکدا نزیکەی 400 فیلم نمایش دەکات و 19 فیلم کێبڕکێ بۆ بردنەوەی خەڵات دەکەن. ساڵانە زیاتر لە چوار هەزار و 200 رووماڵ لە 110 وڵاتەوە بۆ فێستیڤاڵەکە دەکرێت. لە یەکەم خولی فێستیڤاڵەکەدا کە لە 1951 بەڕێوەچوو، پێنج خەڵاتی ورچی زێڕین بەخشران، فیلمی ئەمریکی "Cinderella" خەڵاتی ورچی زێڕین و خەڵاتی جەماوەری وەک باشترین فیلمی وەرگرت. لە 1952 و 1955، براوەی خەڵاتی ورچی زێڕین بە دەنگدانی بینەران بوو، لە 1956 خەڵاتی ورچی زێڕین لەلایەن لیژنەی دادوەرییەوە دەبەخشرێت. لە 2015 بەشێکی تایبەت بە زنجیرە تەلەڤزیۆنییەکان لە فێستیڤاڵەکەدا کرایەوە و لە 71ـەمین خولیشی بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، چالاکییەکانی کەم کرایەوە. سەرچاوە: ڕووداو