چین هەوڵی دەستپێکردنەوەی گفتوگۆی ئەمریکا و ئێران دەدات

سەرچاوە باڵاکان بۆ میدیاکان ئاشکرایان کردووە، چین بە هەماهەنگی لەگەڵ پاکستان دەستی بە جووڵەیەکی دیپلۆماسی چڕ کردووە بە مەبەستی کەمکردنەوەی ئاستی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران. ئامانجی ئەم هەوڵانە رەخساندنی زەمینەیەکی گونجاوە بۆ دەسپێکردنەوەی دیالۆگی نێوان هەردوو وڵات لە سایەی ئەو ئاڵۆزییە بێوێنەیەی ناوچەکەدا.

تەمووزی 27, 2026 - 12:21
چین هەوڵی دەستپێکردنەوەی گفتوگۆی ئەمریکا و ئێران دەدات

بەگوێرەی زانیارییەکانی سەرچاوەکان، تەوەرەی سەرەکی پەیوەندییەکان بریتییە لە هێشتنەوەی کەناڵەکانی پەیوەندی لە نێوان واشنتن و تاران بە کراوەیی، وەک هەنگاوێکی بەرایی بۆ دەسپێکردنەوەی دانوستانە ناڕاستەوخۆکان سەبارەت بە چەندین دۆسیەی جێی بایەخ و ناکۆک لە نێوان هەردوو لادا.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەش کردووە، راوێژەکان باسی گرتنەبەری رێوشوێنی هاوبەش بۆ بنیاتنانی متمانە دەکەن. ئەمەش بە مەبەستی ئامادەکارییە بۆ گفتوگۆی فراوانتر کە مژارەکانی وەک: بەرنامەی ئەتۆمی ئێران، ئاسایشی ناوچەیی و سزاکانی سەر تاران لەخۆ دەگرێت.

هەوڵەکانی پەکین تەنیا لە چوارچێوەی نێوەندگیری نێوان ئەمریکا و ئێراندا نییە، بەڵکو چین هەوڵ دەدات وڵاتانی کەنداو و هێزە ناوچەییەکانی دیکەش بخاتە ناو ئەم رێڕەوە سیاسییە، بە ئامانجی پشتیوانیکردن لە سەقامگیرییەکی درێژخایەن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

ناوچەکە رووبەڕووی گرژییەکی سەربازیی توند بووەتەوە، لەوانە هێرشە بەردەوامەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئامانجە ئێرانییەکان. لەگەڵ ئەوەشدا، هەردوو لا لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە پەیامی سیاسی ئاڵوگۆڕ دەکەن.

لای خۆشییەوە، تاران رۆژی یەکشەممە جەختی لە بەردەوامیی ئاڵوگۆڕی پەیامەکان لەگەڵ واشنتن کردەوە و پابەندبوونی خۆی بە چارەسەری دیپلۆماسی نیشان دا، بەڵام هاوکات هۆشداری دا رێگە بە هەژموونی ئەمریکا لەسەر رێڕەوە ئاوییەکانی کەنداو و گەرووی هورمز نادات.

سەرچاوە: کوردستان24