ترەمپ بۆ سەرکردەکانی جیهان: دڵنیابن دەرگای فڕۆکەکانتان لەکاتی کێشە لەگەڵ هاوژینەکانتان داخراوە

سەرۆکی ئەمریکا ئامۆژگاریی سەرکردەکانی جیهان دەکات کە ئەگەر لەنێو فڕۆکە لەگەڵ هاوژینیان تووشی کێشە بوون، دڵنیا بن لەوەی دەرگای فڕۆکەکە داخراوە.

ئارەی 31, 2025 - 13:27
ترەمپ بۆ سەرکردەکانی جیهان: دڵنیابن دەرگای فڕۆکەکانتان لەکاتی کێشە لەگەڵ هاوژینەکانتان داخراوە

رۆژی هەینی 31ی ئایاری 2025 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە واشنتن لەبارەی رووداوەکەی نێوان ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا و هاوژینەکەی پرسیاری لێکرا.

ترەمپ رووداوەکەی بە "شتێکی خراپ" ناوبرد و بە گاڵتەوە داوای لە سەرکردەکانی جیهان کرد، ئەگەر لەگەڵ هاوژینەکانیان کێشەیان بۆ دروستبوو، "دڵنیا ببنەوە لەوەی دەرگاکە داخراوە." سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی، "من قسەم لەگەڵی [لەگەڵ ماکرۆن] کرد و ئەو باشە. ئەوان باشن. ئەوان دوو کەسی زۆر باشن. زۆر باش دەیانناسم و نازانم ئەوە لەسەر چی بوو، بەڵام زۆر باش دەیانناسم و دەزانم کە ئەوان باشن."

 سەرۆکی ئەمریکا کە ماوەیەکی درێژە پەیوەندییەکی گەرموگوڕی هاوڕێیانەی لەگەڵ ماکرۆن هەیە، رایگەیاند، دوای رووداوەکە پەیوەندیی بە ماکرۆن و هاوژینەکەیەوە کردووە.

 رۆژی 25ی ئەم مانگە، ماکرۆن و بریجیتی هاوژینی، گەیشتنە ڤێتنام. لە فڕۆکەخانەی هانۆی، دەرگای فڕۆکەکە کرایەوە و چاوی کامێراکان لەسەر سەرۆکی فەرەنسا بوو. ماکرۆن لەبەر دەرگاکە وەستا و چاوەڕێی چوونەدەرەوەی دەکرد. لەو کاتەدا بریجیتی هاوژینی، دەستی درێژ کرد و پاڵێکی بە رووخساری ماکرۆنەوە نا.

 ماکرۆن حەپەساو دەرکەوت، سەیری لای کامێرای رۆژنامەڤانانی کرد، دەستی راستی بۆ سڵاوکردن بەرزکردەوە و رووی کردەوە لای خانمی یەکەمی فەرەنسا، کە لە ڤیدیۆکەدا تەنیا دەستی دیارە.

 دواتر ماکرۆن روونکردنەوەی لەسەر رووداوەکەدا و گوتی، ئەوەی روویداوە، گاڵتەی نێوان خۆی و هاوژینەکەی بووە.

سەرچاوە: ڕووداو