لە پەرلەمانی سڕبیا پەرلەمانتاران بە بۆمبی دووکەڵ رووبەڕووی یەکدی بوونەوە
دوای ئەوەی پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن لە پەرلەمانی سڕبیا لە دژی حکومەت پشتیوانیان بۆ خوێندکارە خۆپیشاندەرەکان دەربڕی، پەرلەمانی وڵاتەکە پشێوی تێکەوت و ئەندامەکان بە بۆمبی دووکەڵ، گازی فرمێسکرێژ و هێلکە، دەستەویەخە بەشەڕهاتن.

بەشێکی دیکەی پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن، لەگەڵ پاسەوانەکانیش بەشەڕهاتن. هۆڵەکە پڕبوو لە دووکەڵ و درووشمێکی گەورەش بەرزکرایەوە کە لەسەری نووسرابوو "سڕبیا بۆ هێنانە خوارەوەی رژێم، رادەپەڕێت."
سێ ئەندامی فراکسیۆنی پارتی پێشکەوتنی سڕبی (SNS) کە پارتی فەرمانڕەوای وڵاتەکەیە بریندار بوون، یەکێکیان ژنێکی دووگیانە. هەروەها پەرلەمانتارێکی دیکە جەڵتە لێیدا.
چەند هەفتەیەکە خۆپیشاندانی خوێندکارانی سڕبیا بەردەوامە و دۆخێکی سەختیان بۆ ئەلیکساندەر ڤوچیچ، سەرۆکی وڵاتەکە دروستکردووە و حکومەتیان شڵەژاندووە. خۆپیشاندانەکان دوای ئەوە دەستیان پێکرد، کە بنمیچی وێستگەیەکی شەمەندەفەر لە شاری نۆڤی لە مانگی تشرینی دووەمی رابردوو رووخا و، 15 کەس گیانیان لەدەستدا.
خەڵک لە دژی حکومەت، خراپیی خزمەتگوزارییەکان و گەندەڵی خۆپیشاندانیان کرد و دەسەڵاتی 12 ساڵی ڤوچیچ هەژێنرا. رۆژی سێشەممە، 04-03-2025 پەرلەمانتارانی ئۆپۆزیسیۆن چەند درووشمێکیان لەنێو پەرلەمان بەرزکردەوە کە لەسەریان نووسرابوو، "دادپەروەری بۆ ئەوانەی گیانیان لەدەستدا." گرووپێکی خۆپیشاندەرانیش لە دەرەوەی هۆڵەکە بۆ ماوەی 15 خولەک وەک رێزلێنان لەو 15 کەسە، بەبێ دەنگی وەستان.
حکومەتی ڤوچیچ بە تەواوی نەیتوانیوە وەڵامی خۆپیشاندانەکان و داواکارییەکان بداتەوە، تەنانەت دەڵێت، خۆپیشاندانەکان دەستی دەرەکیان لە پشتە. هەرچەندە خۆپیشاندانەکان کاریگەریی خۆیان هەبوو. رۆژی سێشەممە (28ـی کانوونی دووەمی 2025) میلۆس ڤوچیڤیچ، سەرۆکوەزیرانی سڕبیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە بێلگرادی پایتەختی وڵاتەکەیەوە گوتی، "بڕیارە نەگۆڕەکەم ئەوەیە؛ دەست لە پۆستی سەرۆکوەزیرانی بکێشمەوە."
کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ پەسندکردنی ئەو بڕیارەی سەرۆکوەزیران بوو، بەڵام خوێندکاران و ئۆپۆزیسیۆن دژی ئەوە بوون و گوتیان، بەم رێگەیە حکومەت دەیەوێت سەرنجەکە لەسەر گەندەڵی لابدات. دوای دروستبوونی گرژییەکە، سەرۆکی سڕبیا سەردانی ئەو ئەندام پەرلەمانەی کرد کە جەڵتە لێیدابوو، دڵنیاییشی دایێ کە سڕبیا بەسەر قەیرانەکاندا زاڵ دەبێت.
ئانا برنابیک، سەرۆکی پەرلەمان رایگەیاند، ئەوانەی ئەو کارانە دەکەن، "تیرۆرستن".
سەرچاوە: ڕووداو