پووتین ستایشی ترەمپ دەکات، بەڵام هیواکانی لووتکەی ئاشتیی ئۆکراینا کەمبوونەتەوە

لە کاتێکدا هیواکان بۆ بەستنی لووتکەیەکی ئاشتی لەنێوان رووسیا و ئۆکراینا کەمبوونەتەوە و دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی سزادانی مۆسکۆ دەکات، ڤلادیمیر پووتین ستایشی پەیوەندییەکانی لەگەڵ واشنتن دەکات و هیوا دەخوازێت، "خێرایی کاری هاوبەش" لەگەڵ ئەمریکا بپارێزرێت.

ئاب 23, 2025 - 14:21
پووتین ستایشی ترەمپ دەکات، بەڵام هیواکانی لووتکەی ئاشتیی ئۆکراینا کەمبوونەتەوە
پاشەکشە لە هەوڵەکانی ئاشتی
 
دوای هەفتەیەک لە جووڵەی دیپلۆماسیی چڕ، هەوڵەکانی ئاشتی تووشی پاشەکشەیەکی بەرچاو بوون. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کە رۆژی دووشەممە بە گەشبینییەوە باسی لە ئەگەری کۆبوونەوەی نێوان پووتین و زیلینسکی دەکرد، رۆژی هەینی 22-08-2025 هەڵوێستی گۆڕی، هەردوو سەرکردەکەی بە "رۆن و سرکە" چوواند و رایگەیاند، لە دوو هەفتەدا بڕیارێکی "گرنگ" دەدات، یان رووبەڕووی سزای گەورە دەبنەوە یان "هیچ ناکات."
 
ترەمپ کە کڵاوێکی سووری لەسەر بوو و لەسەری نووسرابوو، "ترەمپ لەبارەی هەموو شتێکەوە راست بوو،" لە کۆشکی سپی رایگەیاند، "چەپڵە بە دەستێک لێنادرێت. لە ماوەی دوو هەفتەدا، دەزانین بەرەو کام ئاراستە دەڕۆم."
 
هاوکات سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، "پلان بۆ هیچ کۆبوونەوەیەک دانەنراوە." لاڤرۆڤ گوتی، هەرچەندە پووتین "ئامادەیە چاوی بە زیلینسکی بکەوێت،" بەڵام "هیچ ئەجێندایەک ئامادە نییە."
 
زیلینسکی رووسیای بەوە تۆمەتبار کرد کە "هەوڵ دەدات خۆی لە کۆبوونەوەکە بدزێتەوە" و دەیەوێ لە هێرشەکانی بەردەوام بێت.
 
پەیامە ئەرێنییەکەی پووتین بۆ ترەمپ
 
بەڵام ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە کاتی سەردانێکیدا بۆ ناوەندی توێژینەوەی ئەتۆمی لە شاری سارۆڤی وڵاتەکەت پەیامێکی جیاوازی ئاراستەی واشنتن کرد.
 
پووتین ستایشی سەرۆکی ئەمریکای کرد و رایگەیاند،"تایبەتمەندییە سەرکردایەتییەکانی" ترەمپ "گەره‌نتییەکی باشن بۆ ئەوەی پەیوەندییەکان دروستببنەوە."
 
سەرۆکی رووسیا دانی بەوەدا نا، پەیوەندییەکانیان لە ئاستێکی نزمدان، بەڵام گوتیشی، "لەگەڵ هاتنی سەرۆک ترەمپ، پێم وایە هەندێک رووناکی لە کۆتایی توونێلەکەدا دەرکەوتووە."
 
پووتین تەنانەت باسی لە ئەگەری هاوکاریی ئابووریی نوێ کرد و گوتی، مۆسکۆ لە بواری دەرهێنانی کانزاکان لە ناوچەی جەمسەری باکوور و ئەلاسکا "لەگەڵ هاوبەشە ئەمریکییەکاندا گفتوگۆ لەسەر ئەگەری کارکردنی پێکەوەیی دەکات."
 
ئەم ناکۆکییە لە پەیامەکاندا لە کاتێکدایە، پرسی گەرەنتیی ئەمنی بۆ ئۆکراینا هێشتا خاڵی سەرەکیی کێشەکەیە.
 
هەرچەندە ترەمپ رایگەیاندبوو رووسیا بە هەندێک گەرەنتیی ئەمنی رازییە، بەڵام مۆسکۆ ئەوەی رەتکردەوە و لاڤرۆڤ رایگەیاند، گفتوگۆکردن لەسەری بەبێ رووسیا "رێگەیەکە بۆ هیچ کوێ ناچێت."
سەرچاوە: ڕووداو