هەفتەی داهاتوو نووری مالیکی سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات

راوێژکارێکی نووری مالیکی ئاشکرای دەکات، هەفتەی داهاتوو سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی کۆدەبێتەوە؛ دەشڵێت: "پێویستە مووچەی فەرمانبەران لە کێشە سیاسییەکان دوور بخرێتەوە."

تشرینی یەکەمی 20, 2025 - 13:31
هەفتەی داهاتوو نووری مالیکی سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات
عەباس موسەوی، راوێژکاری نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، رۆژی پێنجشەممە، 20-11-2025  راگەیاند: "لە چوارچێوەی جموجۆڵە سیاسییەکان لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، هەفتەی داهاتوو نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا و سەرکردەی باڵای چوارچێوەی هاوئاهەنگی، سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات."
 
چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان، بە مەبەستی پەلە کردن لە پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، لیژنەیەکی بۆ دانوستاندن لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان پێکهێناوە، لیژنەکە پێکهاتووە لە نووری مالیکی، هادی عامری و فالح فەییاز . 
 
بە گوتەی راوێژکارەکەی، بڕیارە لەو سەردانەدا مالیکی لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی و بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە. سەبارەت بە رۆژی سەردانەکەش بە دیاریکراوی، موسەوی گوتی: "لە کاتی خۆیدا رایدەگەیێنین."
 
عەباس موسەوی ئاماژەی بەوە کرد، پەیوەندیی بەردەوام لەنێوان نووری مالیکی و سەرۆک مەسعود بارزانی هەیە "ئەوەش کارێکی سرووشتییە؛ هەمووان گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی دەبێت پەیوەندی و ئاڵوگۆڕی بیروبۆچوونەکان بەردەوام بێت."
 
سەبارەت بە دۆخی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، ئەو راوێژکارەی مالیکی گوتی: "لە سێ ساڵی رابردوودا پەیوەندییەکان زۆر باش بوون و لەسەر زۆر کێشە گەیشتوونەتە چارەسەر و رێککەوتن؛ هەندێک خاڵی کەمیش بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە کە بە دڵنیاییەوە لە دیدار و کۆبوونەوەی سەرکردەکاندا چارەسەر دەبن."
 
موسەوی لەبارەی نێوەڕۆکی گفتوگۆکان جەختی لەوە کردەوە کە "پێویستە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە هەر جوڵە و هەڵوێستێکی سیاسی دووربخرێتەوە."
 
هەروەها باسی لەوە کرد کە یاسای نەوت و گاز و بابەتە هەڵپەسێردراوەکانی دیکە لەنێوان هەولێر و بەغدا تاوتوێ دەکرێن.
 
شەوی 17ی تشرینی دووەمی 2025 چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆبووەوە و گەورەترین فراکسیۆنی لە پەرلەمان راگەیاند، لە هەمانکاتدا بڕیاری پێکهێنانی دوو لیژنەی دا، یەکەمیان بۆ دەستنیشانکردنی بەربژێری پۆستی سەرۆکوەزیران، ئەوەی دیکەشیان بۆ دانوستاندن لەگەڵ لایەنەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت.
 
راوێژکارەکەی سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا ئەوەشی بۆ رووداو ئاشکرا کرد، بڕیارە شاندێکی سیاسیی هەرێمی کوردستانیش بەمەبەستی گفتوگۆ سەردانی بەغدا بکات.
سەرچاوە: رووداو