وەزیری دارایی عێراق: ئەمساڵ کێشە بۆ مووچە دروست نابێت

حوزەیری 14, 2026 - 16:13
وەزیری دارایی عێراق: ئەمساڵ کێشە بۆ مووچە دروست نابێت

سروە محەمەد، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، بەهۆی ئەوەی حکومەتی عێراق درەنگ پێکهێندرا، بۆ ئەمساڵ بودجە لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە ناچێتە ئەنجومەنی نوێنەران، تەنیا لە هەندێک بارودۆخدا لە ئەنجومەنی نوێنەران دەنگ لەسەر لیستی مووچە و هەندێک خەرجیی تایبەت بە حکومەت دەدات.

وتیشی، ئەمساڵ بودجەی عێراق بە شێوازی یەک لەسەر 12 دەبێت، هەرچەندە ئێستا عێراق خەرجییەکانی زۆرە، دەتوانین بڵێین بە ڕێژەی زیاتر لە یەک لەسەر 20 خەرجدەکات، هەروەها ئاستی کورتهێنان لە بودجەی عێراقدا گەیشتووەتە زیاتر لە %80.

ئەوەشی خستەڕوو، هەفتەی ڕابردوو وەک فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەردانی فالح ساری، وەزیری دارایی عێراقمان کرد، بە ڕوونی پێی ڕاگەیاندین، کێشە بۆ دابەشکردنی مووچە دروست نابێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە داهاتی نانەوتی ڕەوانەی بەغداد بکات.

باسی لەوەشکرد، ئەمساڵ بەهۆی نەبوونی بودجەوە، دۆسیەی سێ یەکەمەکان، گرێبەستەکان و پزیشکانی دانەمەزراو وەک خۆیان دەمێننەوە، دەبێت سەرجەمیان لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027 جێگەیان بکرێتەوە، دواتر ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی بکرێت و دەنگی لەسەر بدرێت، ئینجا دۆسیەکانیان یەکلادەبێتەوە.

سەرچاوە: ئێستا