وردەکاریی رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی خامنەیی راگەیەنرا
شارەوانیی تاران، ئامادەکاریی بۆ رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی عەلی خامنەیی راگەیەنرا. مەراسیمەکە سێ رۆژ دەخایەنێت و لە تاران، قوم و مەشهەد بەڕێوەدەبێت. لە ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٦، خامنەیی لە هێرشی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل کوژرا.
شارەوانیی تاران بۆ رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە لە بۆردومانەکانی سەرەتای شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران کوژرا، ئامادەکاریی کردووە.
محەمەد ئەمین تەوەکۆلی زادە، جێگری سەرۆکی شارەوانیی تاران، وردەکاریی پلانەکانی حکومەتی ئێرانی بۆ بەڕێوەبردنی مەراسیمی بەخاکسپاردنی رێبەری پێشووی ئەم وڵاتە راگەیاند کە مەراسیمەکە بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت و بڕیارە ڕێوڕەسمی بەڕێکردنی تەرمی ناوبراو لە هەریەکە لە شارەکانی تاران، قوم و مەشهەد بەڕێوەبچێت.
تەوەکۆلی زادە ئاماژەی بەوەش کرد، رێوڕەسمی بەخاکسپاردنەکە لە شاری تاران لانیکەم ٢٤ کاتژمێر دەخایەنێت. دواتر تەرمەکە دەگوازرێتەوە بۆ شارەکانی قوم و مەشهەد. هەروەها وتیشی، لایەنە پەیوەندیدارەکان لە پایتەخت خەریکی ئامادەکارین بۆ پێشوازیکردن لە ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییان کە مەزندە دەکرێت ژمارەیان لە نێوان ١٥ بۆ ٢٠ ملیۆن کەس بێت.
عەلی خامنەیی لە بەرەبەیانی ڕۆژی ٢٨ی شوباتی ئەمساڵ و لە یەکەم هێرشی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی سەربازی و ئەمنیی وڵاتەکەی کوژرا و زیاتر لە سێ مانگە تەرمەکەی بە خاک نەسپێردراوە.
سەرچاوە: سپی میدیا