ئەو کوردانەی بەشدارییان لە کۆنگرەی دیمەشق کرد: ئێمە نوێنەری کورد نین

لە دیمەشق لیژنەی ئامادەکاریی 'کۆنگرەی نیشتمانیی سووریا' لەگەڵ ژمارەیەک هاونیشتمانیی پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان کۆبوونەوە، بۆ ئەوەی وەک نوێنەری پارێزگاکە لە کۆنگرەکەدا دەستنیشانیان بکەن.

شوبات 21, 2025 - 12:21
ئەو کوردانەی بەشدارییان لە کۆنگرەی دیمەشق کرد: ئێمە نوێنەری کورد نین

لەو کۆبوونەوەیەدا نزیکەی 15 کورد بەشدار بوون، زۆربەی بەشداربووان عەرەب بوون، نوێنەرانی بزووتنەوەی سیاسیی کوردی لە نێویاندا نەبوون. پێشتر لیژنەی ئامادەکاری کۆنفرانسی دیالۆگی نیشتمانیی سووریا بانگەوازی بۆ دانیشتنێکی دیالۆگ لە چوارچێوەی "رێڕەوی دیالۆگی نیشتمانی" بۆ خەڵکی پارێزگای حەسەکە لە دیمەشق کردبوو. کۆنگرەکە دوێنێ بەسترا. بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، ئەو کوردانەی بەشدارییان کردووە، خۆیان گوتوویانە کە ئەوان نوێنەری گەلی کورد نین، بزووتنەوەی سیاسی و پارتە کوردییەکان هەن کە نوێنەری کوردن. پێشتر حەسەن دغێم، سەرۆکی لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرەی نیشتمانی بە رووداوی راگەیاندبوو، پارت و دەزگا و رێکخراوەکان بۆ کۆنگرەکە بانگهێشت ناکرێن و ئەو کەسانەی بەشدار دەبن تەنیا کەسایەتی کۆمەڵایەتی، ریش سپی، سیاسەتمەدار و رۆشنبیر دەبن. کوردە بەشداربووەکانی کۆنگرەکە بۆ رووداو: ئێمە نوێنەری کورد نین نایف جبێرۆ، نووسەرێکی کوردی دانیشتووی حەسەکەیە، لەبارەی بەشداریکردنی لە کۆنگرەکەدا قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی: "من دەرفەتی قسەکردنم نەبوو، بەڵام پێشنیازێکم نووسی و دامە لێژنەکە "هیچ کوردێک لێرە [لە کۆنفرانسەکە] نوێنەرایەتیی کورد ناکات، ئەگەر دکتۆر بێت، پارێزەر بێت، نووسەر بێت شاعیر بێت یان هەر پلە و پایەیەکی دیکە، لە دیوەکەی دیکە نووسیومە، ئەگەر بتانەوێ چارەیەک بۆ سووریا بدۆزنەوە، دەبێ پارتە سیاسییە کوردەکان نوێنەری راستەقینەی کورد بن، گفتوگۆ و دانوستاندن لەگەڵ ئەواندا بکرێت." ئوسامە شێخ عەلی، پزیشکێکی کوردی دانیشتووی حەسەکەیە، ئەویش یەکێک بوو لەو کەسایەتییانەی بانگهێشتی کۆنگرەکە کرابوو. لەوبارەوە قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی: "بزووتنەوەی سیاسیی کوردی لە ساڵانی رابردوودا خەباتێکی زۆری کردووە و کەس ناتوانێت ئەوە نادیدە بگرێت، دەبێ لەم جۆرە کۆنگرانەدا ئەوانیش بانگهێشت بکرێن." ئوسامە شێخ عەلی دەڵێت: "کورد و عەرەبیش لەناوچەکە مافی ئەوەیان هەیە را و سەرنجی خۆیان بدەن، نابێ رێگە بە بەشداری بزووتنەوەیەکی سیاسیی کوردی نەدرێت هەڵوێستی خۆی دەربڕێت و کار بکات." ئەحمەد هیلال، چالاکڤانێکی کوردی حەسەکەیە، ئەویش قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی: "ئەوانەی لێرە [لە کۆنگرەکە] بەشدارن، بەناوی خۆیانەوە هاتوون و نوێنەرایەتی کورد ناکەن، ئەگەر حیزبیش بن بەناوی خۆیانەوە هاتوون و دەیانەوێ بزانن چی دەگوترێت و چ بڕیارێک دەدرێت." ئەنەکەسە: پەراوێزخستنی بزووتنەوەی سیاسیی کورد پێشێلکردنی بنەمای هاوبەشیی نیشتمانییە ئەنەکەسە لە راگەیێندراویکدا کە دوێنێ بڵاویکردووەتەوە، جەخت لەوە دەکاتەوە کە دیالۆگی نیشتمانیی سووریا دەروازەیەکی سەرەکییە بۆ داڕشتنی داهاتووی وڵات، بەڵام پەراوێزخستنی بزووتنەوەی سیاسیی کورد لە دانیشتنەکانی دیالۆگی نیشتمانی، پێشێلکردنی بنەمای هاوبەشیی نیشتمانییە. ئاماژە بەوەش دەکات، پشتگوێخستنی رۆڵی پێکهاتەیەکی سەرەکیی گەلی سووریایە کە بۆ چەندین دەیە لە سیاسەتی جیاکاری و پەراوێزخستن رەنجی کێشاوە و لە سایەی سیستمە یەک لەدوای یەکەکاندا لە مافە رەواکانی بێبەش کراوە. لە راگەیێندراوەکەی ئەنەکەسەدا هاتووە، بزووتنەوەی سیاسیی کورد خاوەنی دیدێکی تەواوە کە رەنگدانەوەی ئازارەکانی گەلی کوردە و چارەسەری واقیعی بۆ کێشەکانی لە چوارچێوەیەکی نیشتمانیی گشتگیردا پێشکەش دەکات. ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا-ئەنەکەسە دەڵێت: هەر دیالۆگێکی نیشتمانی کە پەیوەندی بە داهاتووی سووریاوە هەبێت، ناتوانێت جیدی یان بەرهەمدار بێت ئەگەر بەشداریی کارای هەموو پێکهاتەکان، لە پێشیانەوە گەلی کورد بە نوێنەرایەتیی هێزە سیاسییەکانی، مسۆگەر نەکات. بە بڕوای ئەنەکەسە، دیالۆگی گشتگیر کە لەسەر بنەمای هاوبەشی و دانپێدانانی دووقۆڵی دامەزرابێت، تاکە رێگەیە بۆ دامەزراندنی بناخەکانی سووریایەکی نوێ، کە لەسەر بنەمای دادپەروەری و رێزگرتن لە فرەیی سیاسی و هاوڵاتیبوونی یەکسان بنیات بنرێت، دوور لە هەر پەراوێزخستن و پشتگوێخستنێکی هێزە نیشتمانییەکان. فەیسەڵ یووسف: نابێ کورد لە داڕشتنەوەی داهاتووی سووریا پەراوێز بخرێت فەیسەڵ یووسف، گوتەبێژی ئەنەکەسە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە کۆبوونەوەکەی 20ی شوبات لەبارەی داهاتووی پارێزگای حەسەکە کە لە دیمەشق کرا، دەسەڵاتی راگوزەری سووریا لە سنووری حەسەکە هیچ حیزب و لایەنێکی کوردی بانگهێشت نەکردبوو. فەیسەڵ یووسف دەڵێ: "تەنیا چەند کەسایەتییەکی کورد وەکو تاک بانگهێشت کراون، ئەمەش پەراوێزخستنی حیزبە کوردستانییەکانە، بۆیە داوای بەشداریکردنی حیزبی کوردی دەکەین، چونکە نابێ کورد لە داڕشتنەوەی داهاتووی سووریا پەراوێز بخرێت." "کورد خۆشی سووچی هەیە" دکتۆر سەعدەدین مەلا، سیاسەتڤانێکی کوردی رۆژئاوای کوردستان و ئێستا لە سوێد دەژی. لەبارەی ئەو کۆنگرەوە قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد و گوتی: "داگیرکەرانی کورد هەمیشە ویستوویانە کورد پەرتەوازە و پەراوێز بخەن، لە رێی هەندێ کەسەوە ئەم کارە دەکەن و لە دەرفەتێکی ئاوادا رۆڵیان پێدەدەن بۆ پەرتەوازەکردنی کورد." بە بڕوای دکتۆر سەعدەدین، کورد خۆشی سووچی هەیە بەرامبەر بەو ناحەقییەی بەرامبەری دەکرێت. "کورد خۆشی سووچی هەیە و پێویستە بە زووترین کات گوتاری خۆی یەکبخات و بچێتە نێو دیالۆگەکانەوە." پێشتر لیژنەی ئامادەکاری کۆنفرانسی دیالۆگی نیشتمانیی سووریا بانگەوازی بۆ دانیشتنێکی دیالۆگ لە چوارچێوەی "رێڕەوی دیالۆگی نیشتمانی" بۆ خەڵکی پارێزگای حەسەکە لە دیمەشق کردبوو. کۆنگرەکە دوێنێ بە بەشداری دەیان کەسایەتیی پارێزگاکە بەڕێوەچوو، بەڵام نوێنەری حیزبە کوردییەکان بانگهێشت نەکرابوون. سەرچاوە: ڕووداو