ئاکپارتی هەشتەمین کۆنگرەی ئاسایی دەکات؛ ئەردۆغان تاکە بەربژێرە بۆ پۆستی سەرۆک
پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) هەشتەمین کۆنگرەی ئاسایی پارتەکەی ئەنجام دەدات. رەجەب تەیب ئەردۆغان، تاکە بەربژێرە بۆ سەرۆکی پارتەکە.

رۆژی 7ـی شوباتی 2025، کۆنفرانسەکانی لقی رێکخستنی ئاکپارتی لە سەرجەم پارێزگاکانی تورکیا و باکووری کوردستان کۆتایی پێهات. دواترینیان کۆنفرانسی لقی رێکخستنەکانی ئیستەنبووڵی ئاکپارتی بوو. بەمەش تەواوی ئامادەکارییەکان بۆ رێکخستنی هەشتەمین کۆنگرەی ئاسایی پارتەکە بەڕێوەچوو کە بڕیارە رۆژی 23ـی شوبات بکرێت. چاوەڕوان دەکرێت، رۆژی 23ـی شوبات هەشتەمین کۆنگرەی ئاسایی ئاکپارتی لە ئەنقەرە بە بەشداری زیاتر لە دوو هەزار ئەندام کۆنگرە بەڕێوەبچێت. کۆنگرەکە سێ رۆژ دەخایێنێت. رەجەب تەیب ئەردۆغان، تاکە بەربژێرە بۆ پۆستی سەرۆکی ئاکپارتی. هەروەها گۆڕانکارییەکی زۆر لە ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتەکە دەکرێت. بڕیارە چەند پەرلەمانتارێکی ئیی پارتی پەیوەندی بە ئاکپارتییەوە بکەن و لە کۆنگرەکەدا ئەردۆغان ناوەکانیان رابگەیێنێت. چاوەڕوان دەکرێت، ئەردۆغان لە گوتارێکیدا تیشک بخاتە سەر پرۆسەی چارەسەری، قەیرانی ئابووری، گۆڕینی بەشێکی زۆری وەزیران و بەرپرسانی کابینەی حکومەت و سیاسەتی نوێی ئاکپارتی. لە رۆژی 28ـی تشرینی دووەمی 2024، کۆنفرانسی لقی رێکخستنەکانی ئاکپارتی لە پارێزگاکانی تورکیا و باکووری کوردستان دەستیپێکرد و رۆژی 7ـی شوباتی 2025 کۆتاییان پێهات. رەجەب تەیب ئەردۆغان راستەوخۆ بەشداری لە 29 کۆنفرانس کرد و ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی و پەرلەمانتارەکانیان سەرپەرشتی کۆنفرانسی 52 پارێزگا کرد. ئاکپارتی لە 14ـی ئابی 2001 دامەزرا، پارتێکی راستڕەوی میانڕۆیە. لە هەڵبژاردنی 3ـی تشرینی دووەمی 2022 بە 365 کورسی سەرکەوت و بەتەنیا حکومەتی پێکهێنا و 23 ساڵە پارتی دەسەڵاتدارە. تاوەکو ئێستا حەوت کۆنگرەی ئاسایی و چوار کۆنگرەی نائاسایی رێکخستووە. خاوەن 11 ملیۆن و 135 هەزار و 306 ئەندامە. سەرچاوە: ڕووداو