ئەردۆغان لەبارەی پرۆسەی چارەسەری: هەنگاو بە هەنگاو ئەم خەونە دەبێتە راستی
سەرۆککۆماری تورکیا پرۆسەی چارەسەری بە خەونی 86 ملیۆن کەس وەسفکرد و جەختیکردەوە، کە بەرە بەرە ئەو خەونە دەبێتە راستی.
دوای کۆبوونەوەی کابینەی وەزیران کە ئێوارەی دووشەممە 28-7-2025 لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا گوتارێکی پێشکێشکرد و لە بەشێکیدا باسی پرۆسەی چارەسەری کرد.
سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بە رەخنە و هەڵوێستی نەرێنیی بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆن کرد و لەبارەی پرۆسەی چارەسەری گوتی: "ئەمە پرۆژەی گەلەکەمانە، خەونی 86 ملیۆن کەسە. دەبینین کە ئەم خەونە هەنگاو بە هەنگاو دەبێتە راستی. جارێکی دیکە بە گرنگییەوە جەخت لەسەر ئەمە دەکەمەوە، با هیچ کەسێک خەمی نەبێت. ئەو رێگەیەی گرتوومانەتە بەر، ئێمە دەگەیەنێتە تورکیایەکی بەهێز لەڕووی دیموکراسی و ئابوورییەوە. لە کۆتایی رێگەکە برایەتی، گەشەپێدان، ئاشتی، ئارامی، هاوپشتی و ویستی بونیاتنانی هاوبەشانەی داهاتوو هەیە".
پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) ئەمجارە دەستی بە پرۆسەی چارەسەر کردووە و ئاکپارتیش وەکو حکومەت پشتگیریی تەواوی کرد و لەگەڵ پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) دەستیان بە پرۆسەکە کرد.
ئەگەرچی حکومەت بە 'تورکیای بێ تیرۆر' و دەم پارتی بە 'پرۆسەی چارەسەریی پرسی کورد' ناوی دەبەن، بەڵام تاوەکو ئێستا بە رادەیەکی زۆر سازان لە نێوانیاندا هەیە.
بەشێک لە بەرپرسانی ئۆپۆزیسۆن و بەتایبەتیش ئیی پارتی کە بە تەواوی دژایەتیی پرۆسەکە دەکات، لێدوانەکانیان زیاتر بە ئاراستەی هەرەسهێنانی پرۆسەکەیە.
موساڤات دەرڤیشئۆغڵو، سەرۆکی ئیی پارتی دەڵێت، پرۆسەکە لە ژێر رێنمایی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بەڕێوەدەچێت.
ئەردۆغان ئاماژەی بەو نیگەرانییانە دا کە لەلایەن بەشێک لە خەڵک دروستبووە. هاوکات ئاماژەی بەو کەشە ئەرێنییە کرد کە لە باکووری کوردستان سەبارەت بە پرۆسەکە دروستبووە و گوتی: "دەزانین بەرپرسیاریەتیمان چەندە گەورەیە. هەر بۆیە بازرگانی بە هیواوە ناکەین و وەکو ئۆپۆزیسیۆنی پۆپۆلیست ناکەین. بەشێوەیەکی شایستە بە جددییەتی دەوڵەت و پێگە و بەهاکانی پێگەکەمان، لەم رێگەیەدا بەرەوپێش دەچین. خەڵکەکەشمان ئەم هەوڵانەی ئێمە دەبینێت و نزا دەکات بۆ ئەوەی بێ هیچ پێشهاتێکی ناخۆش، بگاتە مەنزڵ".
سەرۆککۆماری تورکیا سەرەڕای بوونی تێبینی و رەخنەیان لە پرۆسەکە، بەڵام دیسانەوە بانگهێشتی تەواوی پارتەکانی کرد بۆ ئەوەی رۆڵی ئەرێنییان لە پرۆسەکەدا هەبێت.
سەرچاوە: ڕووداو