ئەردۆغان بۆ جاری دووەم لەگەڵ ترەمپ قسە دەکات: دیپلۆماسی تاکە چارەسەرە
لە ماوەی دوو رۆژدا دوو جار دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بە تەلەفۆن قسەیان لەبارەی ئێران و ئیسرائیل کردووە.

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەر بە کۆشکی کۆماریی تورکیا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ یەکشەممەش 15-6-2025 رەجەب تەیب ئەردۆغان و دۆناڵد ترەمپ بە تەلەفۆن تاوتوێی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێرانیان کردووە.
لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا ئەردۆغان سوپاسی ترەمپی کردووە بۆ هەڵوێستی ئاشتیخوازانەی لەبارەی گرژییەکان و پێیگوتووە، تاکەڕێگە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی بابەتی ئەتۆمی کەناڵی دیپلۆماسییە.
ئەردۆغان دووپاتیکردووەتەوە کە تورکیا ئامادەی هەر جۆرە ئاسانکاری و هەنگاوێکە بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕ و گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل.
سەرۆککۆماری تورکیا هەروەها رایگەیاندووە، ئەو تووندوتیژییەی بە هێرشی ئیسرائیل دەستیپێکردووە و ئەمە زیانی وەها بە هەردوولا دەگەیەنێت کە گەڕانەوەی نییە. بە پێویستیشی زانییە پێش لەو هێرش و تووندوتیژییانە بگیرێت.
ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییە لەکاتێکدایە کە دوێنێش ئەردۆغان و ترەم لەسەر هەمان بابەت بە تەلەفۆن قسەیان کرد.
ئەردۆغان دوێنێ شەممە پەیوەندیی تەلەفۆنیی لەگەڵ هەریەک لە مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێران، ڤیلادیمیر پووتین سەرۆکی رووسیا، محەممەد سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە، ئەحمەد شەرع سەرۆککۆماری کاتیی سووریا، شاعەبدوڵڵای دووەم و چەند بەرپرسێکی دیکە سازکرد و لە هەموو پەیوەندییەکاندا شەڕ و گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران مژاری سەرەکی بوو.
سەرچاوە: ڕووداو