ئێمباپێ داوای دەرکردنی 3 یاریزان لە ئەلۆنسۆ دەکات

کیلیان ئێمباپێ لە هەنگاوێکی جاوەڕواننەکراودا داوا لە چابی ئەلۆنسۆ دەکات سێ یاریزانی ریال مەدرید دەربکات، کە دوو لەو یاریزانانە هێرشبەرن و پێیگوتووە "ئەو دوو هێرشبەرە تیپەکەیان تێکداوە، تیپەکەیان ژەهراوی کردووە".

حوزەیری 15, 2025 - 21:05
ئێمباپێ داوای دەرکردنی 3 یاریزان لە ئەلۆنسۆ دەکات

کیلیان ئێمباپێ ئەگەرچی لەڕووی ئامارە تاکەکەسییەکانەوە یەکەم وەرزی لەگەڵ ریال مەدرید بەباشی بەڕێکرد، بەڵام ئەو بۆ وەرزی دووەم چاوەڕێی وەرزێکی سەرکەوتووترە و دەیەوێت لەگەڵ ریال مەدرید نازناوەکان بباتەوە، بۆیە دەیەوێت بەر لە دەستپێکردنی وەرزی نوێ یانەکە لەژێر سەرپەرشتی راهێنەری نوێ، چابی ئەلۆنسۆدا تیپیکی بەهێز دروست بکات.

بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەی دۆن باڵۆنی ئیسپانی، ئێمباپێ کۆبوونەوەیەکی دوور درێژی لەگەڵ راهێنەرە نوێیەکە ئەنجامداوە، کە دوو کاژێری خایاندووە، لەو ماوەیەدا کۆمەڵێک ئامۆژگاری و تێبینی تەکنیکی لەگەڵ ئەلۆنسۆ ئاڵوگۆڕ کردووە، هەروەها داوای لێکردووە گۆڕانکاری بنەڕەتی لە تیپەکەدا بکات.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، هێرشبەرە فەرەنسییەکە تیشکی خستووەتە سەر گرنگی گۆڕینی شێوازی کارکردن و رەخنەی روونی ئاراستەی ستافی راهێنەرایەتی پێشوو کردووە، کە کارلۆ ئەنچێلۆتی سەرۆکایەتی دەکرد، واتا لە شێوازی بەڕێوەبردنەکەی ناڕازی بووە.

هەروەها ئەو سەرچاوەیە باس لەوە دەکات کە ئێمباپێ داوای دووبارە هەڵسەنگاندنی پێکهاتەکەی کردووە و ئاماژەی بەپێویستی دەستبەرداربوون لە هەندێک یاریزان کردووە کە پێیوایە لە ئاست ستانداردەکانی ریال مەدرید نین یان لانیکەم هیچ زیادەیەک بۆ تیپەکە دروست ناکەن.

دۆن باڵۆن دەڵێت "کیلیان ئێمباپێ بەتایبەتی باسی رۆدریگۆ، ئێندریک و دەیڤید ئالابای کردووە، پێیوایە دوو یاریزانی یەکەم وەک پێویست کارەکانیان ئەنجام نادەن، تەنانەت پێیوایە بوونی ئەوان کاریگەری نەرێنی لەسەر هاوسەنگی لەناو تیپەکەدا هەیە".

ئەو رۆژنامەیە هەروەها دەڵێت "ئێمباپێ بوونی ئەو دوو یاریزانەی لە ریزەکانی تیپەکەدا بە 'ژەهراویبوون' وەسف کردووە".

سەرچاوە: ڕووداو