کێشەیەکی دیکە هەڕەشە لە چوونی ئەنچێلۆتی بۆ بەرازیل دەکات

کێشەیەکی نوێ و پێشبینینەکراو، هەڕەشە لە چوونی کارلۆ ئەنچێلۆتی بۆ مەشقدانی هەڵبژاردەی بەرازیل دەکات. کێشەکە پەیوەندی بەو راهێنەرەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بەسەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیلەوە هەیە.

ئارەی 7, 2025 - 14:48
کێشەیەکی دیکە هەڕەشە لە چوونی ئەنچێلۆتی بۆ بەرازیل دەکات

سەرچاوەکان دووپاتیدەکەنەوە کە رۆژانی کارکردنی ئەنچێلۆتی لەگەڵ ریال مەدرید کۆتایی هاتووە، بەتایبەت کە ریال مەدرید نازناوی جامی شای بە بارسێلۆنای رکابەری دۆڕاند و لە چامپیۆنزلیگ لەسەردەستی ئارسیناڵی ئینگلیزی کرایە دەرەوە. پێشتر سەرچاوەکان ئاشکرایانکردبوو کە بەرپرسانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل دانوستاندنیان لەگەڵ ئەنچێلۆتی کردووە و رێکەوتوون لەسەر مەشقدانی سیلیساو لەلایەن ئەو راهێنەرە ئیتاڵییەوە لە داهاتوودا. میدیای ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە، کێشەیەکی نوێ لە نێو فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل سەریهەڵداوە کە هەڕەشەی راستەوخۆ لەسەر ئەگەری چوونی ئەو راهێنەرە بۆ هەڵبژاردەکە دەکات. کێشەکە وەک سەرچاوەکان دووپاتیدەکەنەوە، تۆمەتبارکردنی ئێدناڵۆد رۆدریگێزی سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیلە بەئەنجامدانی کاری نایاسایی لەماوەی هەڵبژاردنەوەی بەسەرۆکی فیدراسیۆنەکە. سەرچاوەکان ئاشکرایانکردووە، دادگای باڵای فیدراڵیی بەرازیل دۆسێی لێکۆڵینەوەی لەگەڵ سەرۆکی فیدراسیۆنەکەدا کردووەتەوە کە تۆمەتبارکراوە بەلادان لە بنەماکانی هەڵبژاردن و پرەنسیپەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی خاوێن، بۆ بوونەوە بەسەرۆکی فیدراسیۆنەکە. دادگای بەرازیل، وەکئەوەی میدیاکان ئاشکرایانکردووە، بەڵگەنامەیەکی دەستکەوتووە، کە تێیدا سەرۆکی ئێستای فیدراسیۆنەکە و سەرۆکی پێشووی هەمان فیدراسیۆن ۆرجێرۆ کابۆکلۆ، لەگەڵ ژمارەیەک ئەندامی فیدراسیۆنەکە واژۆیان لەسەرکردووە بۆ رێگرتن لە هەر ململانێ و ناکۆکییەک لە نێوانیاندا، بەڵام دادگا بۆی دەرکەوتووە واژۆی یەکێک لە ئەندامانی فیدراسیۆنەکە ساختەکراوە و ئەو کەسە کە ناوی ئانتۆنتۆ نونێسە، واژۆی لەسەر بەڵگەنامەکە نەکردووە. دادگا دەڵێ نونێس لە رووی جەستەییەوە توانای واژۆکردنی بەڵگەنامەکەی نەبووە، بەڵام کەسێک لەبری ئەو واژۆی کردووە و ئەوەش ساختەکارییە. ئێدناڵدۆ رۆدریگێز، لە چەند مانگی رابردوودا بۆ جاری دووەم بەسەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل هەڵبژێردرایەوە، لە کاتێکدا کە رۆناڵدۆ نازاریۆی ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی بەرازیل دەیویست رکابەریی بکات لەسەر بەدەستهێنانی پۆستەکە. رۆناڵدۆ بەر لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان ئاشکرایکرد، پەیوەندی بەسەرۆکی چەندین فیدراسیۆنی نێوخۆیی تۆپی پێی هەرێمەکانی بەرازیلەوە کردووە بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنەکاندا پشتگیری بکەن، بەڵام زۆرینەیان پشتگیریی خۆیان بۆ ئێدناڵدۆ دووپاتکردووەتەوە، هەربۆیە لە خۆ بەربژێرکردن بۆ سەرۆکی فیدراسیۆنەکە کشایەوە.

 ڕووداو