نیوەی پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا مووچەبڕ دەکرێن
نزیکەی نیوەی پەرلەمانتارانی کورد لە دانیشتنی دوێنێی پەرلەمانی عێراق ئامادە نەبوون و سەرۆکایەتیی پەرلەمان بڕیاریدا سەرجەم نەهاتووەکان مووچەبڕ بکرێن. فراکسیۆنی کوردستانی هەیە کەسیان بەشداریی دانیشتنەکەیان نەکردووە.

ئەم هەفتەیە، دووشەممە و سێشەممە کۆبوونەوەی پەرلەمان دیاریکرا، بەڵام بەهۆی ئامادەنەبوونی رێژەی یاسایی، پەرلەمان نەیتوانی کۆبێتەوە. لە دانیشتنی دوێنێ لە 329 پەرلەمانتار، تەنیا 139 پەرلەمانتار ئامادەبوون، سەرۆکایەتیی پەرلەمان ناوی ئامادەبووانی بڵاوکردەوە و بڕیاریدا ئەوانەی نەهاتوون مووچەبڕ بکرێن.
رووداو بەدواداچوونی بۆ پەرلەمانتارانی کورد کرد. کورد لە پەرلەمانی عێراق 63 پەرلەمانتاری هەیە، بەگوێرەی ئەو لیستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق بڵاویکردووەتەوە، تەنیا 33 پەرلەمانتاری کورد، جگە لە شاخەوان عەبدوڵڵا، وەکو جێگری سەرۆکی پەرلەمان ئامادەبوون.
پارتی دیموکراتی کوردستان لە 31 پەرلەمانتار، جگە لە جێگری سەرۆکی پەرلەمان کە پشکی ئەوە، 22 پەرلەمانتاری دیکە ئامادەبوون. ئامادەبووان بریتین لە: ڤیان سەبری (سەرۆکی فراکسیۆن)، چیایی تەیموور عەبدال، مەحما خەلیل عەلی، نەهلە ئەفەندی، ئامانج مەحموود، خەلیل غازی، شێروان دووبەردانی، رێبوار هادی، مۆفەق شەهاب پاشا، سەگڤان یوسف سندی، محەممەد سدیق، خدر عەلی مەنتک، یادگار مەحموود، سەباح سوبحی، نەجوا حەمید کاکەیی، ماجد خەلەف شنگالی، شوان محەممەد رۆستەم، ئیخلاس دلێمی، زۆزان عەلی کۆچەر، کاڤین سەعید، خالید رێکانی و جوان عەبدوڵڵا.
هەروەها 8 پەرلەمانتاریش ئامادە نەبوون: ئەڤین سەلیم نووری، سیپان عەزیز، شەریف سلێمان، ڤیان دەخیل، مەریوان قەرەنی، نەهرۆ مەحموود، توعمە عەبدوڵڵا لهێبی و ئیبراهیم محەممەد قەبۆ.
شێروان دووبەردانی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی ئەمڕۆ چوارشەممە، 7ـی ئایاری 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەندێک لە پەرلەمانتارانی کورد لە باڵەخانەی پەرلەمان بوون، بەڵام نەهاتنە هۆڵی دانیشتنی پەرلەمان و هەندێکی دیکەش گەشتی دەرەوەی وڵاتیان کردووە". بەگوتەی ئەو پەرلەمانتارە، "سزای دارایی هەر ئامادەنەبوونێکی بێ هۆ، دوو ملیۆن دینارە".
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە 18 پەرلەمانتار، 8 پەرلەمانتاری ئامادەبووە، بریتین لە: هەرێم کەمال ئاغا (سەرۆکی فراکسیۆن)، نەرمین مەعرووف، سۆزان مەنسوور، بڕیار رەشید، کاروان یاروەیس، کوردۆ عومەر، ئەحلام رەمەزان فەتاح و سەباح حەبیب قادر. 10 پەرلەمانتاریان ئامادە نەبوون، بریتین لە: ئاسۆ فەریدوون، ئیمان عەبدولڕەزاق، بەدریە حوسێن، دیلاف غەفوور، سروە محەممەد، غەریب ئەحمەد، کەریم شوکر، گەیلان قادر، رونزی زیاد و چرۆ حەمەشەریف. چرۆ حەمەشەریف، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە باڵەخانەی پەرلەمان بووین زۆریش چاوەڕێمان کرد، بەڵام رێژەی یاسایی نەبوو، بۆیە بە ناچاری رۆیشتین". گوتیشی: "پەرلەمانتارانی کورد بەراورد بە پەرلەمانتارانی لایەنەکانی دیکە زۆرترین ئامادەبوون و پابەندبوونیان بە دانیشتنەکانی پەرلەمانەوە هەیە".
فراکسیۆنی نەوەی نوێ کە 9 پەرلەمانتاری هەیە هیچ پەرلەمانتارێکی ئامادە نەبوون: سروە عەبدولواحید (سەرۆکی فراکسیۆن)، ئومێد محەممەد ئەحمەد، بەدریە ئیبراهیم، رێبوار ئەورحمان، ڤیان عەبدولعەزیز، محەممەد ئیسماعیل، مۆفەق حوسین، وەزیرە ئەحمەد و ئەریان عەزیز تاوگۆزی.
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە چوار پەرلەمانتار، سێ ئەندامی ئامادەبووە: جەمال ئەحمەد کۆچەر (سەرۆکی فراکسیۆن)، دارا سێکانیانی و عومەر کۆچەر.
هەروەها کۆمەڵی دادگەری کە یەک پەرلەمانتاری هەیە (سۆران عومەر)، ئەویش ئامادە نەبووە و ناویان لە لیستی ئامادەبووان نییە.
ئەگەر بڕیاری مووچەبڕەکە جێبەجێ بکرێت، بە کۆی گشتیی لەو 29 پەرلەمانتارەی کورد کە ئامادە نەبوون، 58 ملیۆن دینار دەبڕێت.
سەرچاوە: ڕووداو