ئەنفال و نان و هۆکاری نەناردنی مووچە!.

ئارەی 8, 2025 - 11:29
ئەنفال و نان  و هۆکاری نەناردنی مووچە!.

فارس نەورۆڵی

 میللەتی کورد لەناو جەنگ وململا نیە کانی مێژوودا هێجگار بەهێزبووە ، توانیویەتی بەرامبەت ئەو هەموو لەشکرو داگیر کاری و قڕ کردنانەدا بمێنێتەوەو خۆڕاگرێ ، نیچە دەڵێ ( ئەو گورزەی لێم دەدەن نەمکوژێ بەهێزم دەکات ). ئەگەر سەیری مێژووی دەسوەشاندنی ستەمکاران بکەیت لەدژی کورد ئەو لێدانانە کوردی لەناو نەبرد بەڵکو بەهێزی کرد بۆیە هێزی ناوەکی کورد توانی لەبەرامبەر جەنگی وجوددا خۆی ڕاگرێ و قۆناغ بەقۆناغ دۆزی کورد بچێتە پێشەوە لەباشوری کوردستان بەعس بەهەموو هێزی سەربازی و ئەمنی و هزری و وێرانکاری ویستی بەخەیاڵی خۆی کورد بسڕێتەوە تا ئەو ڕادەیە سیاسەتی قڕکردنی لەپرۆسەی ئەنفالدا جێ بەجێ کرد، ئا لەو کاتەدا برایانمان لەجیهانی ئیسلامی خۆیان کردبووە کەڕەی شەربەت بگرە لەهەندێ ناوەندەوە ڕەوایەتیان بە بەعس دەدا بۆ قڕکردنی کورد . جیهانی سەرمایەداری و کۆمۆنیستی لەسەردەمی شەڕی سارد و دواتریش لەبەر بەرژەوەندی خۆیان دەنگی کوردیان نەدەبیست، ئێستا دۆزی کورد لەئاستی جیهاندا ژمارەیەکی حساب بۆ کراوە لەباشور سەرەڕای کەم و کوڕییەکان خاوەنی حکومەت و دام و دەزگای ئیعتیراف پێکراوە، هەر بۆیە بە بەردەوامی نەیارانی کورد لەبیرکردنەوەدا بون بۆ شکاندنی هەرێم لەڕێگای جۆراو جۆرەوە و بە ئامرازی جۆراوجۆر شەڕی ئابوری بەغدا لەتەک هەرێم لەو چوارچێوەدایە دەیەوێ لەڕێگای شەڕی ئابورییەوە ئیرادەی مرۆڤی کورد بشکێنێت لێرەوە پەیوەندی خەڵک و پرۆسەی سیاسی لەهەرێم لەبری یەکتر تەواوکردن بگۆڕێ بۆ یەکتر لەناوبردن دەتوانم بڵێم ئەم شەڕە ئابورییە کاریگەری نەرێنی لەسەرکۆمەڵگای کوردی دروست کردووە نمونە ڕێژەی بێکاری زیادی کردوە ڕێژەی هەژاری زیادی کردوە ڕێژەی دابران لەخوێندن زیادی کردوە کاریگەری لەسەر بیرکردنەوە ئینتیمای تاک کردوە، ئەم بەئامانج گرتنەی بەغداد لەڕێگای شەڕی ئابورییەوە بەئامانج گرتنی حیزبەکوردستانیەکان نیە بەڵکو بەئامانج گرتنی کۆی کۆمەڵگای کوردی و پرۆسەی سیاسی و دۆزی کوردە ئەوەتا جگە لەبڕینی موچەو بوجەی هەرێم شەڕەکەی وردترکردۆتەوە بۆ پەکخستنی بازاڕ و پەکخستنی بەروبومی خۆماڵی و ڕێگانادات بەروبومی کوردستان وەک (مریشک . هێلکە . پەتاتە و بەرهەمەکانی دیکە ) بەپێی پێویست بروات بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق وساغ بکرێنەوە ئامانجی ئەم شەڕە ئابورییە ئەوەیە بەمانای ئەوەی کەهەین ئەوە نەبین ئەوەی کەبیری لێ دەکەینەوە چیتر بیری لێنەکەینەوە ئەوەی دەمانەوێ وەک کورد بیکەین نەیکەین لەتوانا و پەیوەندیمان بەئامانجە گەورەکان جیامان بکاتەوە سەرەئەنجام نایەوێ بەزانست و مەعریفە گەشە بەکۆمەڵگا بدەین بەڵکو دەیەوێ بزوتنەوەیەک و بیرکردنەوەیەکی نوێ لەکوردستان دروست بکات کار لە هزری مرۆڤی کورد بکات کە کوردبوون نەهامەتیە، بەداخەوە بەئاگایی بێت یان بێئاگای لەناو ماڵی کوردیدا دەنگی یارمەتیدەر هەیە بۆ سەرکەوتنی ئەو پرۆسەیەی دژی هەرێم بەڕێوەدەچێت ، ناشبێ ئەوەش نادیدەبگرین پەرتەوازی ناوماڵی کورد بەتایبەتی گوتاری حیزبی کوردی و تایبەتی تر پارتی و یەکێتی، ئەودارەمان داوەتە دەست بەغدا تابیکێشێ بەسەرماندا ئەگینا بەغدا بەهێز نیە و لەهەرێم دیموکراتی تر نیە ئەوە گوتاری شێواوی کوردییە ئەوانی بەهێزکردوە، بەکوردی و بەپوختی دۆخ و هەلومەرجی ڕژێمی بەعس ئەوەبوو توانی ئەنفالمان بکات دەسەڵاتی ئێستاش ئەوەیە دەتوانێ برسیمان بکات و بێنانمان بکات بەتایبەتی ئەوان دەزانن گۆڕنکاری لەناوچەکەدا بەڕێوەیە دەیانەوێ لەڕێگای شەڕی ئابورییەوە ماڵی کورد ی لەئاستی سیاسی وکۆمەڵایەتی تەواوبترازێنن بۆئەوەی توانای بیرکردنەوەمان نەبێت کە خۆمان بۆ گۆڕانکاریەکان ئامادەکەین بەڵام ئەزمون ئەوەمان پێ دەڵێ هەر چۆن ئەنفال نەیشکاندین برسی کردنیش ناتوانێ بمان شکێنێ بەمەرجێ ئەحزابی کوردی و دەسەڵاتی کوردی پێداچونەوەیەک بەخۆیاندا بکەن پرسیار لەخۆیان بکەن ئێمە بۆ لاواز بوین بەرامبەر بەغدا، باوەڕم وایە کورد ئەوەندەخەڵکی ئاقڵی هەیە وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە ئەگەر گوێ بۆیەکتر بگرین .