بەهێزبوونی کورد لە ڕێگەی هێزی نەرم !!
محمد خۆشناو
باشە چی دەبوو کە ئەو جوگرافیایەی ناوی کوردستانە نەکەوتبا ناوجەرگەی ئەو وڵاتە دڕندانەی کە خاکەکەیان لەنێوان خۆیاندا دابەشکردووە !! ئەو جوگرافیایەی کە باوک و باپیرانمان ئاوەدانیانکردوە و لە درەختی دارستانەکانی خانوویان دروستکرد و لە خاکەکەی ئاو و بەروبوومەکەی دەخۆن ، بەڵام چی دەڵێی کە تاکو ئێستاش لەو زەمەنە تڕاژیۆکۆمیدیەدا چاوی تەماع و گەڤ و هەڕەشەکردن بەدواوەیەتی و ، لەسەر ئەو خاکە خوێنێکی زۆر ڕژا و ، ئەو جوگرافیایە هەر مایەوە ، جوگرافیا درۆ ناکات بەڵام مێژوو ئەوە دەکات و زۆر درۆ دەکات و جێگیر و گۆڕاو و دینامێکیە ، ئەمە ئەوە ئەو سنوورەی بۆ ئێمە داناوە و ئەمە ئەوە ئیلغای سنوور دەکات و داگیری دەکات و کۆنتڕۆلی دەکات و ، جەنگ هەڵدەگیرسێنێت و ناوەکان بە ناوی تر دەگۆڕێت و وڵاتان لادەبات و وڵاتان دروستدەکات ، ئەو جوگرافیایە بۆتە لەعنەت بۆمان و ، بەدرێژایی مێژوو و تائێستاشی لەگەڵدابێت نرخەکەی دەدەین ، ئەمە بۆتە قەدەرێکی سیاسی و ئابووری و ئەمنی بۆمان و ، لەجیاتی ئەوەی ببێتە سەرچاوەی هێز و نفوز بۆمان کەچی بۆتە بارگراناییەکی قووڕس ، کوردستان بە بەردەوامی ئامانجی هێزە ئیقلیمی و نێودەوڵەتی بووە ، شوێنە ستراتیژیەکەی بۆتە بارگرانایی مێژوویی کە گەلەکەی نرخ و وجود و ململانێی کراوەی داوە ،
پێم وایە بە درێژایی ئەزموونە مێژووییەکانی شۆڕش و خەباتی ڕابردووی خەڵکی کوردستان ، دەرکەوتووە کە باشترین بژاردە بۆ چارەسەری دۆزی ڕەوای گەلەکەمان بەتایبەتی لەو سەردەمەدا بریتیە لە پەنابردن بۆ هێزی نەرم کە دبلۆماسیەت ئامرازێکی ئیستیسنائی هێزی نەرمە و زەڕوڕەتێکی ستراتیژیە بۆ هێنانەدی دەستکەوتی نەتەوەیی لە زەمەنی زیرەکی دەستکرد و تەکنۆلۆژیای جەنگیی پێشکەوتوو کە زەحمەتە لێبگەڕێن کورد دەستی پێبگات بۆیە هێزی نەرم و بوارە دبلۆماسیەکەی چەکێکی بەهێز و کاریگەرە ، کە ئەوەتا سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سەردان و دیدار لەگەڵ سەرکردەو و وەفدی وڵاتان و دروستکردنی پەیوەندی بەهێز لەگەڵ سەرکردەی وڵاتان بۆ بەرەوپێشبردن و بەهێزکردنی کوردستان پیادەی دەکات و بەکردەییش بەرهەم و دەستکەوتی هەبووە ، کە ئەمە پێی دەوترێت دبلۆماسیەتی سەرۆکایەتی کە بەهێزترین ئامرازی هێزی نەرمە بۆ پتەوکردنی بەرژەوەندیە ستڕاتیژیەکان و چەسپاندنی مەکانەکەی لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتی و کاریگەریکردن لەسەر سەرۆک و گەورە سیاستمەدارانی جیهان ، زۆرن ئەو گەلانەی جیهان دوای ئازار و ماڵوێرانیەکی زۆر کە لەڕێگەی هێزی نەرمەوە گەیشتنە کەناری ئارام و بەسەر شکستەکانیاندا زاڵ بوو ، لەوانە ئێرلەندا کە لە زۆر خەسڵەتدا لە کورد نزیکن و ژمارەی دانیشتوانیشیان بەقەد هەرێمی کوردستانە و ، بەڕیتانیا بەشێکی گرانبەهای خاکەکەیان ئێرلەندای باکووری دابڕاند و خستیانە سەر خۆیان و چ نەما بەو گەلەش نەکات ، ئێستا ئیرلەندا لە ڕێگەی هێزی نەرمەوە لەسەرووی بەریتانیایە و ئەو نیشتیمانە بۆتە موعجیزەی ئابووری و تەکنۆلۆژیای ئەوروپا ، هەر هێزی نەرم بوو ژاپۆن و چین و کۆریای باشوور و سەنگاپورا و مالیزیا و ڤیەتنام….تاد گۆڕی ، ئەوڕۆ کە دەبینین هێزی نەرمی کوردستان بەشداری « 62 » مین کۆنفڕاسی ئاسایشی میونشن لە ئەڵمانیا بۆ پرسی کورد لە هەموو کوردستان دەکات کە ئەمە باشترین دەرچەیە بۆ کورد بۆ هێنانەدی پاڵپشتی زیاتر و دانانی سنوورێک بۆ ئەو تەشەنوجاتانەی کە بەرۆکی ئەو جوگرافیایەی گرتووە ، دبلۆماسیەتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەوپڕی ئارامی و خەندە لەبەردەم کامیڕا و جوولەی جوان وشەی موجامەلانە و جلوبەرگی شیک لەگەڵ سەرکردە و سەرۆکی وڵاتان دەنوێنێت ، بەڵام لە ناوەوەدا دەکوڵێت و هاوار دەکات و فشاری پۆستەکەی و ئەو ئەرکەی کە کەتۆتە سەر شانی کە لەسەروی ئەگەرەکانە و شاخەکان لەژێر قووڕساییەکەی و خەمەکانی دەناڵێنن ، بەتایبەتی کە ئەگەر ئەو ئەرکە پەیوەست بوو بە گیانی کەسان و ، ئاییندەی نیشتیمان و گەلەکەمان کە بەردەوام هەڕەشەی لێدەکرێت ، ئەم وێنەیە کە هەندێک کەسی زۆر کەم لە دەوروبەری دبلۆماتکاری پیشەگەر نەبێت نایبینن ، جیهانی ئەوڕۆ چاوەڕێی ئەو کەسە ناکات کە دەستە پاچە وەستاوە و ئەو بۆشاییە دبلۆماسیە کە ئێمە پڕینەکەینەوە ئەوە خەڵکی تر دێت پڕیدەکاتەوە ، بۆیە وەبەرهێنان لە دبلۆماسیەت بۆ کورد وەبەرهێنانە لە ئاییندە بۆ پێکهێنانی ڕای گشتی و ، هەروەها بۆ بونیاتنانی پردی متمانە و لێکتێگەیشتن لەگەڵ گەلان و کۆمەڵگاکاندا .