لە نۆتردامەوە بۆ میونشن، نێچیرڤان بارزانی و ئەمەریکای نوێ

محمد فائق
•لەکۆتایی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن و لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "ئەمەریکای ئەمڕۆ ئەمەریکایەکی نوێیە و ڕوانین و چارەسەری خۆی هەیە بۆ ئاشتی لە جیهاندا. ئێمە متمانەمان بە پرۆژەی سەرۆک ترەمپ هەیە و ئەمەریکا بە هاوپەیمانی خۆمان دەزانین." لەکاتێکدا ئەورووپا و جیهانیش بە جۆرێک لە گومانەوە تەماشای گەڕانەوەی ترەمپ بۆ کۆشکی سپی دەکەن، ئەم متمانە و دڵنیاییەی سەرۆکی هەرێم مایەی هەڵوەستەیە! هەوڵە دیپلۆماسییەکانی سەرۆکی هەرێم بۆ ئاشتی و پێکەوەژیان لە کەس شاراوە نییە، ئەمەریکا بە باشی لە زەروریەتی ئەم دیدگەیە تێگەییشتووە و دەزانێت نێچیرڤان بارزانی دەتوانێت ڕۆڵێکی گەورە لە سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بگێڕێت. بۆیە دوای گوتە و هەوڵە کاریگەرەکانی لە هەر سێ پرۆسەی ئاشتەوایی و لێکتێگەییشتنی نێوان: کوردانی سووریا و دەسەڵاتی نوێی ئەو وڵاتە، نێوەندگیریی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و دایەلۆگی نێوان هەولێر-بەغدا، نامەیەکی دەستنووسی لە سەرۆکی ئەمەریکاوە بەم ناوەڕۆکە پێدەگات: "وێڕای سوپاس و پێزانین بۆ هەوڵە بەردەوامەکانت، هیوای سەرکەوتنت بۆ دەخوازین و جەخت لە هەماهەنگی و کاری پێکەوەیی بۆ برەودان بە بەها هاوبەشەکانی نێوانمان، دەکەینەوە."
•فلاشباگێکی کورت بۆ ڕێوڕەسمی کردنەوەی کاتێدراڵی نۆتردام لە کۆتایی ٢٠٢٤دا دەشێت زۆر شتمان بۆ ڕوونبکاتەوە، لەو بۆنەیەدا سەرۆکی هەرێم چاوی بە زۆرێک لە سەرکردەی وڵاتان کەوت و تێگەییشتنی خۆی بۆ ئایندەی ناوچەکە خستەڕوو. شرۆڤەکارانی سیاسی باسیان لەوە کرد کە سەرۆکی ئەمەریکا بە گرنگییەوە گفتوگۆی ڕوانینەکانی سەرۆکی هەرێمی کردووە و ئیمانوێل ماکرۆنیش پێی گوتووە: "نێچیرڤان بارزانی ئەو سەرۆکەیە کە دەتوانێت ڕۆڵێکی گەورە لە ئایندەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گۆڕانکارییەکانیدا بەرەو سەقامگیری، بگێڕێت." وێڕای هەبوونی ئەزموونی پێشوەختەی ترەمپ-لە خولی یەکەمیدا- لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەڵام گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە و ئەو ڕۆڵە ئەرێنییەی نێچیرڤان بارزانی لە ئیدارەدان و نێوەندگیریدا گێڕای؛ متمانەی بۆ کاری هاوبەش چەند هێندە کردەوە. بۆیە دەتوانین بڵێین: هەلومەرجی ناوچەکە و واقیعیەتی چارەسەرەکانی سەرۆکی هەرێم لە مەراسیمی کردنەوەی کاتێدراڵی نۆتردامدا، بوونە بناغەی ئەو متمانە بەهێزەی نێوان هەرێمی کوردستان و 'ئەمەریکای نوێ'.
•لە ئێستادا ناوچەکە ڕووبەڕووی چەند گۆڕانکارییەکی نوێ و کاریگەر بووەتەوە: گەڕانەوەی ترمپ و کاریگەرییەکانی لەسەر داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گۆڕانی دەسەڵات لە سووریا، پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق، گرنگترین ئەو ئەگەرانەن کە مشتومڕیان دروست کردووە. بۆ هەر یەک لەم گۆڕانکارییانەش دیدی سەرۆکی هەرێم ڕوون و ئاشکرایە:
١- بە متمانەوە دەڕوانێتە پرۆژەی ترەمپ و باوەڕی بە چارەسەرییەکانی بۆ سەقامگیری و نەهێشتنی جەنگ هەیە.
٢- داوا لە دەسەڵاتی نوێی سووریا دەکات مافی سەرجەم پێکهاتەکان لە سووریادا پارێزراو بێت و پێشنیاریش بۆ کوردانی ئەو وڵاتە دەکات بەشداری لە پرۆسەی سیاسیدا بکەن و سووریا بە هی خۆیان بزانن.
٣- بەڵێنی هاوکاریی تەواو بە شاندی ئیمرالیی دەم پارتی دەدات و داوا لە پارتی کرێکارانی کوردستانیش دەکات پێڕەوی لە پەیامە چاوەڕوانکراوەکەی بەڕێز ئۆجەلان بکەن بۆ ئاشتی و پێکەوەژیان لە تورکیا.
٤- هەر وەک پێشتریش ڕایگەیاندووە و لە کۆنگرەی میونشنیشدا دووپاتی کردەوە: لەسەر بنەمای دەستوور، لێکتێگەیشتنی باشمان لەگەڵ بەغدا هەیە و ئێستا وەک تیمێک کار دەکەین.
هەموو ئەمانە وا دەکەن ئیدارەی نوێی ئەمەریکا بە بایەخەوە بڕواننە هەوڵەکانی نێچیرڤان بارزانی لە سەقامگیریی ناوچەکەدا و ترەمپیش لە نامەکەیدا ئاماژە بە هەبوونی "بەهای هاوبەش لە نێوان ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان"دا بکات؛ کە ئەویش لە دیدگەی هاوبەشی هەردوو سەرۆکدا بۆ سەقامگیری و پێکەوەژیان لە ناوچەکەدا کورت دەبێتەوە.