هەوڵە بەردەوامەکانی نێچیرڤان بارزانی

ئەحمەد ھەژار
پڕۆسەی ئاشتی نێوان تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) یەکێکە لە گرنگترین پرسە سیاسیەکانی ناوچەکە کە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ئاشتی و ئارامی ناوچەکە هەیە. هەموان چاوەڕوانی پەیامەکەی بەڕێز ئۆجەلانن بۆ پەکەکە و حکوومەتی تورکیا، چاوەڕوان دەکرێت لە کۆتایی ئەم مانگەدا ئەم پەیامە بگاتە دەست لایەنە گفتۆگۆکارەکان و ڕای گشتی. لەم دواییانەدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، ڕۆڵێکی گرنگی گێڕاوە لە هەوڵەکانی نێوەندگیری و هاندانی لایەنەکان بۆ دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی. لە دوایین لێدوانیدا، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ بانگەوازی ئاشتی لەلایەن بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە، ڕایگەیاند ئامەدەن وەک هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێک بدەن بۆ سەرخستنی پرۆسەکە. ئەم لێدوانە گرنگە چەندین پەیامی سەرەکی لە خۆ دەگرێت، لەوانە متمانە ئاشتی و ھەوڵدان بۆ سەرخستنی پرۆسەکە لە تورکیاو، پێداگری لەسەر گرنگی چارەسەری ئاشتیانە، و ئامادەیی هەرێمی کوردستان بۆ یارمەتیدان لە پرۆسەکەدا. سەرۆک نێچیرڤان بارزانی ماوەیەکە بە چڕی کار دەکات لەسەر دوو ئاراستەی گرنگ. لە لایەکەوە هەوڵ دەدات بۆ یەکخستنی هێزە کوردیەکان لە سووریا و نزیککردنەوەیان لە حکومەتی نوێی سووریا. ئەم هەنگاوە دەتوانێت کاریگەری ئەرێنی هەبێت لەسەر سەقامگیری ناوچەکە و پڕۆسەی ئاشتی. لە لایەکی ترەوە، کار دەکات لەسەر نزیککردنەوەی تورکیا و ھێزە کوردییەکان بۆ دەستپێکردنەوەی دیالۆگ و پڕۆسەی ئاشتی. ئەم هەوڵانە لە ڕێگەی پەیوەندیە دیپلۆماسیەکان و کەناڵە نهێنیەکانەوە بەردەوامن. ئەم هەوڵانە لە کاتێکدا دێن کە ناوچەکە بە قۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت. سەرکەوتنی ئەم هەوڵانە دەتوانێت کۆتایی بە دەیان ساڵ ململانێ و توندوتیژی بهێنێت، هاوکاریی ئابووری و گەشەپێدان لە ناوچەکەدا بەهێز بکات، و سەقامگیریی سیاسی بەرقەرار بکات. هەروەها دەتوانێت لە جیاتی جەنگ، بە ئاشتی خەباتی مەدەنی دەسپێبکات کە ئەمە ھەنگاوە دروستەکەیە.