کەشناسی: لە سلێمانی و سۆران بەفر دەبارێت و لە ناوچەکانی دیکە باران
کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ هەینی لە هەرێمی کوردستان نمەباران دەبارێت. بارانەکەش زیاتر ناوچەكانی پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەکانی سۆران و راپەڕین دەگرێتەوە.

بە گوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، جگە لە ناوچە سنوورییەکان، "ئەمشەو لە سەنتەری سلێمانی و ناوچەكانی دەوروبەری و سەنتەری قەزای سۆران بەفر دەبارێت". لەبارەی کەشوهەوای سبەی، کەشناسیی دەڵێت، ئاسمان هەور دەبێت و لە ناوچەكانی رۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان باران دەبارێت و لە ناوچە شاخاوییەکان بەفر دەبارێت. سەبارەت بە پلەکانی گەرماش، کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەمڕۆ بەراورد بە دوێنێ پلەی گەرما دوو بۆ چوار پلە دادەبەزێت و سبەی بەراورد بە ئەمڕۆ یەک بۆ دوو پلەی دیکە دادەبەزێت. هیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەم شەپۆلەی بارانبارین کاریگەری باشی دەبێت لەسەر کەمکردنەوەی مەترسییەکانی وشکەساڵی". ئەم شەپۆلەی بارانبارین لە دوێنێوە دەستیپێکردووە. گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ گوتی: "کاتی بارانبارین ماوە و پێشبینی دەکەین بڕی پێویست ببارێت و قەرەبووی کەمبارانی مانگی 12ـی ساڵی رابردوو بکاتەوە". بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بەرزترین پلەی گەرما سبەی لە باشووری کوردستان بەمێشوەیە دەبێت: هەولێر: 8 پلەی سیلیزی سلێمانی: 6 پلەی سیلیزی دهۆک: 7 پلەی سیلیزی کەرکووک: 10 پلەی سیلیزی زاخۆ: 7 پلەی سیلیزی هەڵەبجە: 6 پلەی سیلیزی حاجی ئۆمەران: -4 پلەی سیلیزی سۆران: 2 پلەی سیلیزی گەرمیان: 12 پلەی سیلیزی سەرچاوە: ڕووداو