دیمەشق و ھەولێر، دیداری لوتکە
کریستن کارۆخ
لەم قۆناغە ھەستیارەی ڕۆژھەڵاتی ناوین، ئەمڕۆ رووداوێکی نوێی دیپلۆماسی بۆ ھەولێر و دیمەشق و ناوچەکە ھەبوو، ئەویش سەردانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بوو بۆ دیمەشق، کە لە قوڵایی دەسەڵاتی باڵای سووریا تا تەواوی میدیای ئەو دەوڵەتەو رای گشتی ئەم سەردانەیان بە پیشھاتێکی زور گرینگ زانی، بەوپەڕی ئامادەیی زۆرەوە ئەحمەد شەرع سەرۆکی راگوزەری سووریا پێشوازی باڵای لە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی کرد.
هەر وەک دەزانین سووریا وەک یەکێک لە دراوسێیەکانی هەرێمی کوردستان هەمیشە کاریگەری لەسەر پرسە سیاسییەکانی ناوچەکە هەبووە، بەتایبەتیش ئەو پرسانەی کە پەیوەندییان بە پرسی کورد و چالاکیی بزاڤە سیاسییەکانی کورد لە گشت پارچەکانی کوردستانەوە هەبووە.
لە ساڵی ٢٠١١ دا پەیوەندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ڕۆژئاوای کوردستان تەنیا پەیوەندییەکی ئابووری و بازرگانی بوو. ئەم پەیوەندییەش لە ڕاستیدا تایبەت بوو بە ڕێژەیەکی سنووردار لە کوردی سووریا، بەڵام لە ئێستای سووریایی نوێدا پەیوەندییەکان گەشەیان کردووە بۆ پەیوەندی ئابووری و بازرگانی.
فۆڕمی ئەو پەیوەندییەیی کە ئێستا هەرێمی کوردستان لەگەڵ سووریا هەیەتی جیاوازە لە پێشووتر، بەو واتایەیی کە ئەگەر پێشتر پەیوەندی هەرێمی کوردستان و سووریا پەیوەندێیکی ئاڵۆز و ناسەقامگیریان هەبووبێت ئێستا پەیوەندییەکە لە ئاستێکی دیکە و لە فۆڕمێکی دیبلۆماسی سەقامگیردا خۆی دەبینێتەوە.
ئەوەی لەم سەردانەدا جێگای سەرنج بوو دانانی ئاڵای کوردستان هاوشانی ئاڵای سووریا بوو ئەمەش بەهێزی ڕۆڵی هەرێمی کوردستان نەک تەنیا وەک هەرێمێک بەڵکو وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ نیشان دا.
دیارە رۆڵی هەرێمی کوردستان ڕۆڵێکی ئەرێنی گەورەی هەیە لەم ناوچەیەدا و پێشتر ئەو خەڵکانەی لە سووریا لەبەردەستی ڕژێمی ئەسەد هەڵاتوون و ڕوویانکردۆتە هەرێمی کوردستان، و هەرێمی کوردستان بۆتە نەوایەکی ئارام بۆ لە خۆگرتنی ئەو پەنابەرانەی کە لە سووریاوە هاتوون.
بۆیە لە ئێستادا دەکرێت بڵێین کە سیاسەتی ئێستای سووریا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کورد و پرسی کورد سیاسەتێکی گشتگیرە.
هەروەها سەردانەکەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی دەرخەری هەبوونی پەیوەندێکی باش و سەقامگیرە لە نێوان سووریا و کورد لە سووریایی نوێدایە.