کۆدی قسەکانی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بۆ داھاتووی عێراق 

تشرینی یەکە 9, 2025 - 13:52
کۆدی قسەکانی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بۆ داھاتووی عێراق 

شەنگە ئەحمەد سالار


​پەیامی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە دیدارە سیاسییەکەی میری دا، بابەتێک نەبوو بەتەنیا گلەیی بێ لە ٢٢ ساڵی رابردووی ئەزموونی حوکمڕانی لە عێراق، بەڵکوو نەخشەڕێگایەکی روون بوو کە چۆن مۆدێلی سیستەمی سیاسی عێراق لە نێو دەستووردا لە ئەرزی واقعدا دەبێتە فیدڕاڵی، بۆیە زۆرترین جەختکردنەوەی لە گەڕانەوە بۆ ناسنامەی فیدڕاڵی و دەستوور کرد، کە یەکەمیان روون نییە عێراق لەکوێ فیدڕاڵییە، دووەمیش بەھۆی جێبەجێنەکردنی دەستوور ھێشتا کێشەکان لە عێڕاقدا چارەسەر نەکراون.
لە قسەکانی  سەرۆک نێچیرڤان بارزانی دا، بە روونی دەخوێنرێتەوە حوکمڕانی لە عێڕاقدا مەرکەزیتە، لە جیاتی ئەوەی فیدڕاڵی بێت، ئەمەش لە دیدی سەرۆک رێک پێچەوانەی دەستوورە، لەم قۆناغەی عێراقیشدا بەدی دەکرێ، کە مەرکەزیت و جێبەجێنەکردنی دەستوور رێک قوڵایی کێشەکانە و ئەمەش وای کردووە ناسنامەی فیدڕاڵیەتی عێراق ون بێت.

نێچیرڤان بارزانی لە دیبەیتەکەدا راشکاوانە دەڵێت، بۆ ھەرێمی کوردستان بەغدا قوڵایی ستراتیژییە، لە ھەمانکاتیشدا ئەو رستەیە دەخاتە سەر مێزی گۆڕەپانی عێراق کە ئەو ھێزانەی لە یاسا دەرچوونە گەر نەخرێنە ژێر دەسەڵاتی فەرماندەی ھێزە چەکدارەکان، ئاوا بۆ چارەنووسی عێراق باش نابێت.

​​سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، ئەم ھەڵبژاردنەی کە لە مانگی یازدە دەکرێت، بە ھەڵبژاردانی زۆر یەکلاکەرەوەو گرینگ دادەنێت، ئەم کۆدە لای سەرۆکی ھەرێم ئەوەندەی لێی تیبگەین، پێدەچێت قوڵاییەکە گۆڕینی مەنھەجی حوکمڕانی بێ، بۆ شێوەیەکی باشتر ھەم لە لێکتێگەیشتنی نێوان ھەرێم و بەغدا، ھەمیشە گۆڕانکاری و دەسپێکێکی نوێ لە عێراقدا و ھەمیش ئەو رێککەوتنانەی کە لە نێوان ھەولێر و بەغدا کراون، لەگەڵ ئەو پێشھاتانەی کە ھەن، وەک پاکێجێک لە روانگەی سەرۆکی ھەرێمدا پێشوەختە ھێڵەکانی داھاتووی بۆ کێشراوەو بە ئەزموونی دیپلۆماسی و کاریگەری لە ناوچەکەدا بۆ داھاتوو پەیامێکی روونی دایە ناوچەکە کە ھەرێمی کوردستان، لەگەڵ چارەسەرەو بۆ داھاتوو ھەنگاوی باشتر ھەن.

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی پەیامێکی نوێی دایە بەغدا، کە قوڵایی ھەرێمی کوردستان لە بەغدایە، ئەمە ماناکردنەوەی زەنگێکە کە دەتوانین بەیەکەوە سیاغەی حوکمڕانی عێراق بکەینەوە لە ناسنامەیەکی تەواوی فیدڕاڵی بە جێبەجێکردنی دەستوور، ئەمە رێک چارەسەری ھەموو قەیرانێکە کە لە دەسپێکدا متمانە بگرێتەوەو دواتریش پێکەوە بڕیار لە بابەتە گرینگەکان بدەین.