دیدگەی بەرپرسانەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بۆ ئاسایشی ناوچەیی

ئارەی 21, 2025 - 14:05
دیدگەی بەرپرسانەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بۆ ئاسایشی ناوچەیی

محمد فائق

 سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بە بانگهێشتێکی فەرمی، میوانی چوارەمین كۆڕبه‌ندى تاران بۆ گفتوگۆ، وەک یەک لە گرنگترین دیدارە سیاسییەکانی ناوچەکە، بوو. نێچیرڤان بارزانی کاراکتەرێکی بەهێزی سیاسیی ناوچەکە و جیهانیشە کە خاوەنی دیدێکی واقیعی و پلوراڵە لە سیاسەتدا و هەوڵێکی قووڵی دیپلۆماسی دەدات بۆ پەرەپێدانی پێوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی هاوسێ -بەتایبەت کۆماری ئیسلامیی ئێران- و جیهانیشدا. هەڵبەت ئەم پەرەپێدانەیش لە کۆنتێکستێکی ڕوون، هاوسەنگ و دیپلۆماسیدا بەرەو داهاتوو ئاراستە دەکات.

 گوتەکانی نێچیرڤان بارزانی لە کۆڕبەندەکەدا، دەشێت لە چەندین ڕەهەندی جیاوازەوە بخوێنرێنەوە. سەرەتا فارسییە ڕوون و بەهێزەکەی بووە مایەی سەرنج کە زۆر بە ئارامی، بەڵام بنجبڕانە قسەی پـێ دەکرد. پاشان جەختکردنەوە بەهێزەکەی لەسەر هاوکاریی لەمێژینەی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران و باسکردنی لە بەتەنگەوەهاتنەکانی کۆماری ئیسلامی لە دۆخە هەستیارەکاندا؛ بووە مایەی سەرنجی خەڵک و میدیای فارسی و دەریچەیەکی دیکەی بۆ ئەو دۆستایەتییە لەمێژینەیە کردەوە کە بەڕێزیان ئاماژەی پێ کرد.

وەک ڕوانینی هەمیشەی، لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا، جەختی لە ئاشتیخوازی و بایەخی هاوسێکان لای گەلی کوردستان و حوکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد و ئاماژەی بەوە دا کە خاکی هەرێمی کوردستان هەرگیز نابێتە هەڕەشە بۆ سەر دراوسێکانی، چونکە گەلی کوردستان و قەوارەکەی چاویان لە بنیاتنانی پانتاییەکی دۆستانەیە لەگەڵ هەموواندا و دەیانەوێت ڕەگەزێکی بەهێزی پێکەوەژیان و ئاشتیی ناوچەکە بن، نەک پێچەوانەکەی. بۆیە ڕاشکاوانە ڕایگەیاند کە هەرێمی کوردستان ڕێگە بە هیچ لایەنێک نادات لەم جوگرافیا دەستوورییەوە ببێتە هەڕەشە بۆ سەر هاوسێکانی. لە درێژەی گوتەکانیشیدا، ئاماژەی بە ڕێکارەکانی ڕێککەوتنی نێوان هەولێر- بەغدا- تاران کرد بۆ پاراستنی سنوور کە دەتوانێت متمانەی نێوانیان بەهێزتر بکات و هەماهەنگییەکان بباتە ئاستێکی بەرزترەوە.

هەروەتر سەرۆک نێچیرڤان بارزانی ئاڵوگۆڕە کولتووری و ئابوورییەکانی نێوان هەردوولای بە گرنگییەوە بیرهێنایەوە و باسی لە خواستی هەرێمی کوردستان کرد بۆ پتر پەرەپێدانیان؛ بانگهێشتی د. محمد جەواد زەریفیش بۆ هەرێمی کوردستان لەو چوارچێوەیەدا جێگەی بایەخە، ئاخر ئەم هەنگاوە دەتوانێت فەزای دیپلۆماسی پەرە پێ بدات و پرۆژە کولتووری و ئابوورییەکانیش بەرەوپێش پاڵ بنێت.

 ئەوەی لە کۆی قسەکانی سەرۆکی هەرێم دەخوێنرێتەوە، ڕوانینێکی دیپلۆماسی، هاوسەنگ و ئایندەخوازە دەرهەق بە کاری پێکەوەیی هەردوولا. هەرێمی کوردستان، دەمێکە لە سیاسەتی خۆیدا ئەوەی چەسپاندووە و کاری بۆ دەکات کە هیچ پێشڤەچوون و گەشانەوەیەک لە ناوچەکەدا بەدی نایەت بێ پێوەندییەکی هاوسەنگ و یاسایی کە لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە یەکتر و پێکەوەژیانی دراوسێیانە دامەزرابێت. جەختکردنەوە لە دایەلۆگ لەبری گرژی، هاوکاری لەجیاتی بەرانبەرکێیی، هەمیشە ئەو وشە کلیلییانەن کە لە ڕوانین و زمانی سیاسیی سەرۆکی هەرێمدا دەبیسترێن.

 ناوچەکە-ڕۆژهەڵاتی ئاسیا- بە چەندین ئاڵنگاریی وەک نەبوونی ئاسایش، قەیرانی ئابووری و ململانێی جیۆپۆلەتیکیدا تێپەڕ دەبێت، زمان و هەوڵی سیاسەتمەدارانێکی وەک نێچیرڤان بارزانی دەتوانێت ڕۆڵێکی کاریگەر لە فۆرمیولەبوونی سیستەمێکی نوێدا لە ناوچەکە، بگێڕێت. بەتایبەتی کە ئەم دیدە بە ڕوونی لە کاری سیاسیی سەرۆکی هەرێمدا دەبینرێت و بەجۆرێک لە جۆرەکانیش ددانپێدانان و کۆڕاییەکی نێودەوڵەتی و هەرێمیی لەسەر کاراکتەری سیاسیی دروست کردووە.

 لەکۆتاییدا، دەتوانین بڵێین قسەکانی سەرۆکی هەرێم لە تاران، پێناسەکردنەوەیەکی نوێی پێگەی هەرێمی کوردستان بوو لە هاوکێشەکانی ناوچەکەدا، کە شوناسەکەی بەردەوام لە گەشەی سیاسی و دیپلۆماسیدایە. زمانی گفتوگۆ دەتوانێت ئاراستەی مامەڵە نەخوازراوەکان بۆ ئایندەیەکی گەش بگۆڕێت، ئایندەیەک نامۆ بەو خوێنلەبەرچوونەی دەمێک ساڵە ناوچەکە پێوەی دەتلێتەوە.